حوزه‌یران 14, 2022 19:43 Asia/Tehran
  • سەرۆکی «مەهەپە»:دەبێ رێکاری یاسایی بەرامبەر پەرلەمانتارانی «هەدەپە» بگیردرێتە بەر و لە پەرلەمان دەر بکرێن

سەرۆکی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی تورکیا «مەهەپە» رایگەیاند: دەبێ رێکاری یاسایی بەرامبەر پەرلەمانتارانی «هەدەپە» بگیردرێتە بەر و لە پەرلەمان دەر بکرێن .

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «دەوڵەت باخچەلی» سەرۆکی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی تورکیا (مەهەپە) کە پارتەکەی هاوپەیمانی پارتی دەستەڵاتداری داد و گەشەی تورکیا «ئاکپارتی»یە، ڕۆژی سێشەممە لەلێدوانێکدا داوای لە دادگای دەستوری وڵاتەکەی کرد کە پارتی دیموکراتی گەلان «هەدەپە» دابخات و پەرلەمانتارەکانی ئەو پارتەش لە پەرلەمان دەربکرێن.

«دەوڵەت باخچەلی» ھەروەھا باسی ئەوەشی کرد کە، پەرلەمانتارانی «هەدەپە» موچە لە دەوڵەت وەردەگرن و کەچی لە هەمان کاتدا سوکایەتی بە دەوڵەتیش دەکەن و هێرش دەکەنەسەر کارمەندانی پۆلیس، بۆیە دەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەریان بگیردرێتەبەر و لە پەرلەمان دەربکرێن.

رۆژی ١٢ئەم مانگە بەشێک لەلایەنگران و پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان «هەدەپە» لە ئەستەمۆڵی تورکیا دژی گۆشەگیریی «عەبدوڵڵا ئۆجەلان» رێبەری زیندانی کراوی «پەکەکە» خۆپیشاندانیان کردو لەکاتی خۆپیشاندانەکەشدا پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارێکی هەدەپە و کارمەندێکی پۆلیس روی دا کە ئەوەش لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادا کاردانەوەی لێکەوتەوە.

دەوڵەت باخچەلی لەبارەی ئەو روداوە پێی داگرتووە: پێویستە پەرلەمانتارە سەربەخۆخوازەکان لە پەرلەمان دەربکرێن و پارتەکەشیان دابخرێت، بۆیە داوا لە دادگای دەستوری وڵاتەکەی دەکات، بڕیاری داخستنی هەدەپە پەسەند بکات.

سەرپەیڤ