پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا : ئاوارە سوریەکان دەبێ بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان
سەرۆکی گەورەترین پارتی بەرهەڵستکاری حکومەتی تورکیا لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە واتە جەهەپە ، دەڵێ : بۆ ئەوەی کە سوریا دیسان بتوانێ لەسەر پێی خۆی راوەستێ رۆڵەکانی دەبێ بگەڕێنەوە نیشتمانی خۆیان.
بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی رۆژنامەی جومهوریەت ، کەمال قلیچدار ئوغڵوو ، لە سەر لاپەڕەی توویتەری خۆی کاردانەوەی نیشاندا بە لێدوانەکانی ئەم دواییانەی سلێمان سێویلوو وەزیری نێوخۆی تورکیا لە بارەی بە دونیا هاتنی 700 هەزار منداڵی سوریایی لەم وڵاتە لە چەند ساڵی رابردوودا و گوتی : ئێمە ئەم پرسە لە گۆشە نیگای دواڕۆژی تورکیا دەبینین ، بێگومان مناڵان گەورەترین سەرمایەی هەر وڵاتێکن ، کەواتە ئەم منداڵانەش سامانی سوریای کاول بوون .
سەرۆکی جەهەپە بە پێداگری لەسەرئەوەی کە گەڕاندنەوەی ئاوارە سوریەکان بۆ وڵاتەکەیان نابێ بە ئاکاری نەژادپەرستانە بێ ، گوتیشی : ئەم کارە دەبێ بە هەنگاوی دروست و ژیرانە لە لایەن حکومەتەوە ئەنجام بێ و ئەوان لە بارودۆخێکی باش دا بگەڕێنەوە سوریا .