ته‌مووز 20, 2022 16:30 Asia/Tehran
  • سەلاحەدین دەمیرتاش : هەدەپە درێژکراوەی پەکەکە نییە

«سەلاحەدین دەمیرتاش» هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ڕایگەیاندووە: پێویستە ئەم راستییە بۆ ڕای گشتی تورکیا باس بکەین کە هەدەپە درێژکراوەی پەکەکە نییە.

«سەلاحەدین دەمیرتاش» هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە زیندانەوە ڕایگەیاندووە: هەدەپە درێژکراوەو گوتەبێژ و لایەنگری پەکەکە نییە؛ تەنانەت هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە؛ پێویستە ئەم راستییە بۆ رای گشتی تورکیا باس بکەین. حیزبێک سیاسەتی دیموکراسی بەڕێوە ببات، ناتوانێت سەر بە رێکخراوێکی چەکداری بێت.

«سەلاحەدین دەمیرتاش» کە زیاتر لە پێنج ساڵ و نیوە لە زیندانی ئەدیرنە بەندکراوە و بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە هەوڵی داخستنی پارتەکەی دەدرێت، گوتی: "ئەگەر بکرێ، پێم خۆشە پەکەکە بە تەواوی چەک دژی تورکیا بێدەنگ بکات، بەڵام بەداخەوە دوو بەربەستی سەرەکی هەن. یەکەم: حکوومەت جگە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی هیچ بژاردەیەک ناخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، گفتوگۆ ناکات و پێداگری لەسەر بەکارهێنانی چەک دەکات. لێرەشدا رێگری دووەم سەرهەڵدەدات، ئەویش گۆشەگیری ئیمرالییە، چوونکە ئەو کەسەی کە دەتوانێت پەکەکە رازی بکات ئۆجەلانە و ساڵانێکە لە گۆشەگیرییدا دەیهێڵنەوە. سەرباری ئەم بەربەستانە، دڵخۆش دەبم ئەگەر پەکەکە چەکەکانی بێدەنگ بکات. بەداخەوە، ئەزموونی ئێمە دەری خستووە کە ئەمە ئاسان نییە."

دەمیرتاش وتووشیەتی:هەدەپە حیزبی تورکیایە، چوونکە تورکیا لە یەک ناسنامەی نەتەوەیی و یەک بیروباوەڕ پێک نەهاتووە. لەم رووەوە هەدەپە لە رووی نوێنەرایەتییەوە هەموو توێژەکانی تورکیا دەگرێتەوە. ئەو حیزبە رەگەزپەرستانەی کە لە تورکیادا نکۆڵی لە ناسنامەو بیروباوەڕی جیاواز دەکەن، خۆیان بە حیزبی تورکیا پێناسە دەکەن و کەسیش لەوەدا کێشە نابینێت. بۆیە ئەوانەی لە بنەڕەتدا حیزبی سەرەکی تورکیا نین، حیزبە راستڕەوەکانی ناسیۆنالیست و رەگەزپەرستن.

هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لەبارەی بەربژێری ئۆپۆزیسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی داهاتووش دا کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت وتی: هاوسەرۆکەکانمان چەندین جار پەیامیان داوە کە ئێمە بۆ بیرۆکەی بەربژێری هاوبەش کراوەین. ئەمە سیاسەتی فەرمیی حیزبەکەمانە و تا دوایین سات پێداگری لەسەر بەربژێری هاوبەش دەکەین، ئەگەرنا هەدەپە بە بەربژێری خۆیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات. بەش بە حاڵی خۆشم ئامادەم لەو چوارچێوەیەدا خۆم کاندید بکەم. با دەستەڵات بیربکاتەوە؛ لە ئەمڕۆوە ئەگەر ئەردوغان بتوانێت بەربژێر بێت، منیش لە رووی یاساییەوە دەتوانم بەربژێربم، بەڵام لە چوارچێوەی بۆچوونی گەلەکەمان حیزبەکەمان بڕیارەکە دەدات.

دەمیرتاش وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ، رۆیشتنی ئەردۆغان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دیموکراسی ناهێنێت، وتیشی: ئێمە لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی ئاکپارتی و ئەردۆغان یان لایەنگریی شەش مێز سیاسەت ناکەین، بەڵکو لە سەر پەرەپێدان بە دیموکراسییەکی ریشەدار چڕ بووینەتەوە.

سەرپەیڤ