ته‌مووز 22, 2022 15:32 Asia/Tehran
  • پەرلەمانتارێکی ھەدەپە: دەستەڵات به‌ ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنور، ئاماده‌کاری بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌کات

ئه‌ندامێکی پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ په‌رله‌مانی تورکیا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ بێکاری، هه‌ژاری و برسێتی باڵی کێشاوه‌ به‌سه‌ر تورکیادا، کەچی دەستەڵات به‌ ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنور، ئاماده‌کاری بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌کات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی فۆرات نیوز، «حاتم ئۆغۆلاری» په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ بەم ئاژانسەی راگه‌یاندووە: ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی قه‌یران، بێکاری و تاڵان بشارێته‌وه‌، جارێکی دیکه‌ هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر ناوچەکوردنشینەکان و به‌ ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنور، ئاماده‌کاری بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌کات کە گوایە له‌و رێگایه‌وه‌ واده‌ربخات کە له‌ به‌رامبه‌ر تیرۆر تێ ده‌کۆشێت.

ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، لەوانەیە کۆمه‌ڵگا پێشتر ئه‌وه‌ی قبوڵ کردبێت، به‌ڵام لە ئێستادا سیاسه‌تی ئاکه‌په‌ له‌ جێی خۆیدا نابینێت، ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئۆپۆزسیۆنیش ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رکۆنه‌ی حکومه‌ت بکات له‌کاتی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنور و قبوڵی نه‌کات، کاتێک ئه‌ردوغان ته‌نگه‌تاو ده‌بێت وه‌ک ئه‌وه‌ی بچێت بۆ گه‌شت باسی ئۆپه‌راسیۆن و کۆمه‌ڵکوژی ده‌کات. دیارە ئەمەش بە واتای دوارۆژی وڵات نییه‌،بە واتای دوارۆژی ده‌سه‌ڵاتی ئاکه‌په‌یه‌.

وتیشی: ئێستا قۆناغی هه‌ڵبژاردن ده‌ستی پێ کردووه‌و ئه‌م قۆناغه‌ گرنگه‌، له‌نێو هه‌ڵبژاردنه‌کانی رابردودا سه‌خترین هه‌ڵبژاردنه‌، ئاسایشی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نییه‌ و ئاکه‌په‌ ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو ده‌زگاکان و ناوه‌نده‌کانی حکومه‌تدا گرتووه‌ و ده‌یه‌وێت هه‌ده‌په‌ دابخات و بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش سکاڵای تۆمارکردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووە: پێویسته‌ ئۆپۆزسیۆن چالاک بێت و دۆسیه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کراوه‌ بێت و باسی کێشه‌ سه‌ره‌کیه‌کان بکات، ئه‌م قۆناغه‌ی که‌ تورکیای تێدایه‌، قۆناغێکی زۆر تاریکه‌، ئێمه‌ پێویسته‌ له‌م تاریکیه‌دا رو له‌ روناکی بکه‌ین، ئێمه‌ وه‌ک هه‌ده‌په‌ ده‌توانین زۆر کاریگه‌ریمان هه‌بێت و هه‌ربۆیه‌ بانگه‌وازی هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن ده‌که‌ین، ھەتا بۆ کێشه‌کانی تورکیا چاره‌سه‌ر بدۆزینه‌وه‌.

سەرپەیڤ