ئاب 14, 2022 16:18 Asia/Tehran
  • وەزیری نێوخۆی تورکیا ڕووبەڕووی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەبێتەوە

وەزیری نێوخۆی تورکیا قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتەی کە بووە هۆی تووڕەیی و ناڕەزایەتی دەربڕینی گرووپە سوورییەکانی سەربە ئانکارا، وەدرۆ خستەوە.

«سولەیمان سۆیلۆ» وەزیری نێوخۆی تورکیا پاش ناڕەزایەتی تووندی گرووپە سوورییەکانی سەربە ئانکارا لە باکووری سووریا بەرامبەر بە قسەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا ھەڵوێستی دەربڕی و ڕایگەیاند: وڵاتەکەی سووریا ڕادەستی بەشار ئەسەد و کوردەکان ناکات.

دوابەدوای ئەوەی کە «مەولوود چاوش ئۆغلو»ی وەزیری دەروەی تورکیا ڕایگەیاند: ئانکارا دامەزرانی ئاشتی لە نێوان حکومەتی سووریا و گرووپەکانی نەیار بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی ئەم وڵاتە بە پێویست دەزانێ، هاوپەیمانە سوورییەکانی تورکیا دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕین و تەنانەت ئاڵای تورکیایان سووتاند.

ڕۆژێک پاش قسەکانی «چاوش ئٶغڵو»، سۆیلۆ لە هەڵوێستێکی تەواو پێچەوانەوەدا لە ئەکاونتی تویتێرەکەیدا بانگەشەی کرد کە وەها پرسێک لە لایەن تورکیاوە نەهاتۆتە ئاراوەو بڵاو کردنەوەی ئەو قسانە پیلانی PKK/PYD/SDF، ڕژێمی سووریا و ئانتریک کارانە.

سۆیلۆ هەروەها بانگەشەی کرد: تورکیا هەرگیز خەڵک بەرامبەر بە زوڵم و  زۆری رژێمی سووریا و PYD بە تەنیا ناهێڵێتەوە.