ئه‌یلوول 03, 2022 07:07 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان: یۆنان هیچ بایەخێکی لە ناتۆدا نییە

سه‌رۆک کۆماری تورکیا رایگه‌یاند: ھەنگاوەکانی یۆنان کاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تورکیا و ناتۆ نابێت.

ماوەیەکی زۆرە تورکیا و یۆنان گرژییان لەنێو دایە و هەردوولا یەکتر بە پێشێلکردنی سنووری دەریایی و ئاسمانی خۆیان تۆمەتبار دەکەن.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر یۆنان پلانی دانانی قەڵغانی بەرگری لە دوورگەکانی ڕاگەیاند بەهۆی زیادبوونی فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە دەریای ئیژە و ئەوەش کاردانەوەی تورکیای لێکەوتەوە.

سێ ڕۆژ لەمەوبەر، فەرماندەیی هێزی زەمینی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بە زمانی تورکی بڵاوکردەوە و بەبۆنەی یادی ١٠٠ ساڵەی ٣٠ی ئابەوە؛ پیرۆزبایی لە ڕۆژی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کرد و دوای چەند کاتژمێرێک بەهۆی ناڕەزایەتیی یۆنانەوە دووری خستەوە.

چونکه‌ له‌ 30ی ئابی 1922دا به‌ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی یۆنان، شه‌ڕی نێوان هێزه‌کانی تورکیا و یۆنان کۆتایی هات و دوای ئه‌وه‌ش هه‌موو ساڵێک له‌ تورکیا له‌ژێر ناوی ڕۆژی سه‌رکه‌وتن یادی دەکرێتەوە ، به‌ڵام یۆنان دژی ئه‌م یاده‌یه‌.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند: لابردنی پەیامی 30ی ئاب لەلایەن فەرماندەیی ناتۆوە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ناتۆ نییە، هەروەها بوونی ناتۆ بەبێ تورکیاش بە خەیاڵ دا نایەت .

سەرپەیڤ