ئه‌یلوول 05, 2022 07:40 Asia/Tehran
  • ڕووبەڕووبوونەوەی ئاسمانیی نێوان یۆنان و تورکیا لەسەر دەریای ئیژە

 میدیاکانی یۆنان ئێوارەی یەکشەممە بڵاویانکردەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە ئاسمانی دەریای ئیژەدا شوێنگیری کراون .

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فارس، رۆژنامەی "پرۆتۆتێما"ی یۆنانی لەزاری وەزارەتی بەرگری یۆنانەوە بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 57 حاڵەتی پێشێلکردنی ئاسمانیی ئەو وڵاتە لەلایەن فڕۆکەی جەنگیی و خۆفڕەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە.

بە گوێرەی ئەم رۆژنامەیە، سەرجەم حاڵەتەکان لە لایەن هێزی ئاسمانی یۆنانەوە بە پشت بەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەستنیشان کراون و رێگرییان لێ کراوە.

هاوکات وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە یۆنان تا ئێستا لە ١١٢٣ حاڵەتدا پێشێلکاریی بۆشایی ئاسمان و دەریای تورکیا کردووە.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا تورکیا یۆنانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە دوورگەی کرێت سیستمی مووشەکی ئێس-٣٠٠ دروستکراوی ڕووسیای بۆ داخستنی فڕۆکەکانی تورکیا بەکارهێناوە.

ئەنقەرە هەروەها ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەکانی ئێف ١٦ی یۆنان لە کاتی ئەرکی ناتۆ بەسەر ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا فڕۆکەکانی تورکیایان بە دانانی لە ژێر قفڵی ڕاداردا هەراسان کردووە. یۆنان ئەو قسانەی رەتکردووەتەوە و تورکیای بە پێشێلکردنی سنووریئاسمانی وڵاتەکەی تۆمەتبار کردووە.

لە هەمان کاتدا تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە یۆنان بە میلیتاریزەکردنی دوورگەکانی دەریای ئیژە پێشێلی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەکات. ئاتێن ئاماژە بەوە دەکات کە سەربازەکان لە دوورگەکاندا جێگیرکراون بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو کەشتیانەی کە لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای تورکیاوە نزیک دەبنەوە.

سەرپەیڤ