فەرمانی ئانکارا بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ چۆڵ کردنی خاکی تورکیا
ئانکارا بە ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی سووریای ڕاگەیاندووە کە ھەتا کۆتایی ئەمساڵە زایینییە خاکی تورکیا بەجێ بھێڵن.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئیرنا بە گێڕانەوە لە سپۆتنیکی ڕووسیا، ئانکارا ئەندامانی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریای ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێ ھەتا کۆتایی ئەمساڵ نووسینگەکانیان لە تورکیا دابخەن و بەر لە کۆتایی ئەمساڵ لە خاکی تورکیا بڕۆنە دەرەوە.
سپۆتنیک جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھێندێک سەرچاوەی تایبەتی پێیان ڕاگەیاندووە کە، دەزگای ھەواڵگریی تورکیا بە ئەندامانی پێکھاتەی ناسراو بە ھاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریایان ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێ بەر لە کۆتایی ئەمساڵ تورکیا بەجێ بھێڵن.
ئەم سەرچاوانە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە، ئەم داخوازییە بە واتای کۆتایی ھاتنی کاری ئەم گروپە لە تورکیایەو بڕیارەکەش دوای ئەوە دێت کە سووریاو تورکیا لەم دواییەدا بە نێوندگریی ڕووسیا لە یەکترو نزیک بوونەتەوە.
بە پێی وتەی ئەم سەرچاوانە دەوڵەتی «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» بڕیاری داوە سەرجەم نووسینگەکانی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە تورکیا دابخات و بەپێی خشتەیەکی کاتی کە دوا وادەیان کۆتایی ئەمساڵە پاڵپشتی دارایی بۆ ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە بوەستێنێت.
وەک باسی دەکرێت ئەو ئەندامانەی هاوپەیمانییەکە کە ڕەگەزنامەی تورکییان هەیە یاخود شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیییان هەیە، ڕێگەیان پێدەدرێت لە تورکیا بمێننەوە، بەڵام ناتوانن هیچ چالاکیەکی سیاسی و میدیایی ئەنجام بدەن.
ھەر ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە ئەندامانی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەئێستادا بە دوای بژاردەیەکی تازەدا دەگەڕێن لەوانە کۆمەڵێک لە وڵاتانی قەراخی کەنداوی فارس بۆ ئەوەی نووسینگەیان تیادا بکەنەوە.