گرژیی نێوان تورکیا و یۆنان تەوەری گفتوگۆی سالیڤان و کالین
ئیبراھیم کالین وتەبێژی دامەزراوەی سەرۆکایەتی تورکیا شەوی یەکشەممە لەگەڵ جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کۆبووەوە و تاوتوێی گرژیی نێوان ئەنقەرە و یۆنان و هەروەها شەڕی ئۆکرانیایان کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لەم دیدارەدا کالین نیگەرانی خۆی لە جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی یۆنان بۆ سولیڤان دەربڕی و وتی: حکوومەتی ئاتێن پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە.
لەم دیدارەدا هەروەها گوتی : تورکیا هەرگیز دوودڵ نابێت لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و مافەکانی لە دەریای ئیژە و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
ئەم قسانەی کالین لە کاتێکدایە، نیکۆس دێندیاس وەزیری دەرەوەی یۆنان ڕۆژی یەکشەممە وتی: وڵاتەکەی خوازیاری گفتوگۆیەکی بنیاتنەرە لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی ئەنقەرە ھەنگاوە دنەدەرەکانی خۆی رابگرێت .
پێشتریش تورکیا باڵیۆزی یۆنانی بانگکردبوو و ناڕەزایی دەربڕی بۆ واشنتۆن دوای ئەوەی یۆنانی تۆمەتبار کرد بە جێگیرکردنی زرێپۆشی ئەمریکی لە دوو دوورگەی دەریای ئیژە لە نزیک کەناراوەکانی تورکیا.
دوایین بارگرژیی نێوان ئەنقەرە و ئاتێن کاتێک دەستی پێکرد کە سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا لە کۆتایی هەفتەدا گرتەیەکی ئاسمانییان بڵاوکردەوە کە پێدەچوو ئەو کەشتییانە بن کە لە دوورگەکانی لێسبۆس و سامۆسی یۆنان جێگیر بوون.