پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک کۆمارانی تورکیا و ئۆکرانیا
شەوی پێنج شەممە ،سەرچاوەکانی هەواڵ ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیاو «ڤلۆدیمیر زێلێنێسکی» سەرۆک کۆماری ئۆکرانیایان سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی شەڕی نێوان کییەف و مۆسکۆ بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، «ئەردۆغان» لە وتووێژێکدا لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەیدا وتی: لە هەر بارودۆخێکدا دەبێت چارەسەریی دیپلۆماسی بۆ قەیرانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بپارێزرێت، ئینجا ئانکاراش ئامادەیە هاوکاریی پێشکەش بکات بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە لە ڕێگەی دانوستانەوە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوە دێت کە سەرۆکەکانی تورکیا و ڕووسیا، «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»و «ڤیلادیمێر پوتین» ڕۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم لە شاری ئاستانەی پایتەختی کازاخستان، سەبارەت بە دامەزراندنی ناوەندێکی دابەشکردن و هەناردەی غازی ڕووسیا لە تورکیا، دروستکردنی وێستگەیەکی دیکەی وزەی ئەتۆمی لە سێنیوپ و پشتگیریی گرێبەستەکانی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە دانوستانیان کرد.
پێشتر «خولوسی ئاکار» وەزیری بەرگریی تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ «سێرگێی شویگو» وەزیری بەرگریی رووسیا، پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی سەرکەوتووی گواستنەوەی دانەوێڵەیان بە پێی رێککەوتنی ئەستەمبوڵ تاوتوێ کردبوو.