تشرینی دووه‌م 11, 2022 12:42 Asia/Tehran
  • کەڵەکە بوونی سکاڵاکان دژی «سەلاحەددین دەمیرتاش»

وەزارەتی بەرگریی تورکیا سکاڵایەکی یاسایی لەدژی «سەلاحەددین دەمیرتاش»ی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەرزکردووەتەوە، سکاڵاکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو سوپای تورکیای بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی کیمیایی دژی چەکدارانی پەکەکە تۆمەتبار کردووە.

بەپێی ناوەڕۆکی سکاڵاکە، هۆکاری بەرزکردنەوەی ئەو داوا یاساییە لەسەر هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەمیرتاش لە چەند توییتێکدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە سوپای تورکیا چەکی کیمیایی دژ بە چەکدارانی پەکەکە لەناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق بەکارهێناوە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە سکاڵاکەی دا تۆمەتی «بانگەشەکردن بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و سوکایەتیکردن بە دامەزراوە و دەزگاکانی دەوڵەت» ی داوەتە پاڵ دەمیرتاش.

«سەڵاحەددین دەمیرتاش» لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە پارێزەرەکانی چەند وێنەیەکیان بۆ گواستۆتەوە، تێیدا دەردەکەوێت سوپای تورکیا چەکی کیمیایی دژ بە چەکدارانی پەکەکە بەکاردەهێنێ.

پارێزەرەکانیش رایانگەیاندووە، کە توییت و بەیاننامەکەی دەمیرتاش دەچێتە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕینەوە،هەربۆیە ئەو سکاڵایەی سوپای تورکیا دژ بەهاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە،هیچ نیشانەیەکی تاوانکاریی تێدا نییەو هیچ جۆرە دەستدرێژییەک بۆسەر هیچ کەس و هیچ دامەزراوەیەک لەخۆنەگرتووە.

پارێزەرەکانی دەمیرتاش جەختیانکردووەتەوە کە ئەو داوا یاساییەی سوپای تورکیا بەهیچ یاسا و لۆژیکێک لێک نادرێتەوەو جگە لە ترساندنی دەنگی ئازادو ئازادیی رادەربڕین، هیچ مانایەکی تری نییە.

سەرپەیڤ