تشرینی دووه‌م 14, 2022 03:15 Asia/Tehran
  • لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبایەک لە شاری ئەستەمۆڵی تورکیا کۆمەڵێک کوژران و بریندار بوون

ئەردوغان:با گه‌له‌که‌مان دڵنیا بێت سەرجەم ئه‌وانه‌ی به‌ ئاشکرا و نهێنی به‌شداربوون له‌ رووداوه‌که‌ی شه‌قامی ئیستیقلال دا ئاشکرا ده‌کرێن و سزا ده‌درێن.

پێشتر کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلجەزیرە؛ ڕایگەیاند بوو کە لە ئەنجامی ئەم تەقینەوەیە کۆمەڵێک کوژراون و بریندار بوونە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلجەزیرە؛ «عەلی یەرلی کایا»، پارێزگاری ئەستەمۆڵ، ڕایگەیاند: تەقینەوەکە کە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە لە شەقامی «ئیستقلال» لە گۆڕەپانی «تەقسیم» ڕوویدا،بریندار بوونی  ٣٨ کەسی دیکەشی لێ کەوتووەتەوە.

لە ھەمان کات دا داواکاری گشتیی شاری ئەستەمۆڵ، باسی دەست پێ بوونی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە تەقینەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ئەستەمۆڵی کردووەو ڕاشیگەیاندووە کە تەقینەوەکە بە شیمانەی زۆرەوە هێرشێکی تیرۆریستی بووە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئانادۆلۆی تورکیا، «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیاش به‌ر له‌ گه‌شته‌که‌ی بۆ ئیندۆنێزیا، له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی ئه‌تاتورکی ئەم وڵاتە کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیی ئه‌نجامداو تیای دا جەختی لەوە کردەوە کە، بە گوێرەی دوایین ڕێژە که‌ له‌لایه‌ن پارێزگاره‌وه‌ به‌ ئێمه‌ گه‌ییشتووه‌، لە ئەنجامی ئەم تەقینەوەیە شه‌ش که‌س بوونەتە قوربانی که‌ چواریان له‌ شوێنی رووداوه‌که‌ و دووانیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانیان لە دەست داوەو ٥٣ کەسیش بریندار بوونە.

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، یه‌که‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی ده‌وڵه‌ته‌که‌مان درێژه‌ به‌ کاره‌کانی ئاشکراکردنی بکه‌رانی ئه‌و هێرشه‌ خیانەتکارانه‌یه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌پشتیه‌وه‌ن ده‌ده‌ن. هه‌وڵه‌کانی به‌ بارمته‌ گرتنی تورکیا و گه‌لی تورک له‌رێگه‌ی تیرۆره‌وه‌، هاوشێوه‌ی دوێنێ، ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێش ناتوانن بگه‌نه‌ ئامانج. با گه‌له‌که‌مان دڵنیا بێت له‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی به‌ ئاشکرا و نهێنی به‌شداربوون له‌ رووداوه‌که‌ی شه‌قامی ئیستیقلالدا ئاشکرا ده‌کرێن و سزای شایسته‌ی بکه‌رانی ده‌درێت.

سەرپەیڤ