تشرینی دووه‌م 20, 2022 11:53 Asia/Tehran
  • وەزارەتی بەرگریی تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی سوریای پشتڕاست کردەوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر باکووری سووریای پشتڕاست کردەوە و نووسی: ئێستا کاتی تۆڵە سەندنەوەیە.

بەپێی هەواڵی ئیرنا بە گێڕانەوە لە میدیاکانی تورکیا، ئەم وەزارەتە بەپەیوەست کردنی ڕستەی «مرۆڤە بێزلێکراوەکان پێشێلکاریی خیانەتەکانیان لە سەر گران دەکەوێ» ڤیدیۆیەکی ئەو هێرشانەی بڵاوکردەوە.

مەبەستی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەو تەقینەوانەیە کە مانگی ڕابردوو لە ئەستەمۆڵ ڕووی داو لە ئەنجام دا ٦ کەس گیانیان لەدەستدا.

حکومەتی تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بە هۆکاری تەقینەوەکە دەزانێت.

حکومەتەکەی ئەردۆغان یەکینەکانی پاراستنی گەلی وەک بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سووریای  دیموکرات تۆمەتبار کردووە بە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئەنقەرە.

سەرچاوە ھەواڵدەرییەکان سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە باسی ھێرشی فڕۆکەشەڕکەرەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەی کۆبانی لە پارێزگای حەڵەبی باکوری سوریایان کردووە.

«فەرهاد شامی» بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە توییتێکدا نووسیویەتی: ئەو شارەی تاقمی تیرۆریستی داعشی تێکشکاند، لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیاوە بۆردومان کراوە.

هەروەها کەناڵی «ئەلمەیادین»یش لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، فڕۆکەشەڕکەرەکانی تورکیا مۆڵگەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یان لە گردوپەڕی کۆبانێ لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتی حەلەب کردووەتە ئامانج.

 

سەرپەیڤ