دۆسیە نهێنییەکانی ئیخوانولموسلیمین لە تورکیا
دەزگای هەواڵگریی تورکیا لێکۆڵینەوە لەو کەیسانە دەکات کە تیای دا ئەندامانی ئیخوانولموسلیمین لەم وڵاتەدا تۆمەتبارن بە گواستنەوەی هێزەکانیان بۆ سوریا و لیبیا.
دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەردوو وڵاتی عەرەبیی میسر و سوریا بگەیەننە ئاستێکی ئاسایی. بەڵام بێ گومان کاری یەکەمی تیمەکەی ئەردۆغان ئاشتەوایی لەگەڵ قاهیرە و حکومەتەکەی عەبدولفەتاح سیسییە.
بەڵام بە سەرنجدانی ئەوەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا حکومەتی تورکیا بە ڕوونی و ئاشکرا دەستوەردانی لە پرسەکانی ناوخۆی میسر کردووە، قاهیرەش دوو مەرجی گرنگی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی خستووەتەڕوو، یەکەم: کۆتایی هاتنی پشتیوانیی ئەنقەرە لە ئیخوانولموسلیمینی میسر و دووھەم: کۆتایی ھاتنی دەستوەردانی تورکیا لە کاروباری ناوخۆی لیبیا. ئێستا وا دیارە کردەوەی دەزگای هەواڵگریی تورکیاش ھەر لە ئاراستەی ئەم سیاسەتەدایە.
بەگوێرەی تۆڕی "ئەلمەیادین"، دەزگای هەواڵگریی تورکیا ڕایگەیاندووە: ئەو دۆسیانە چەندین تۆمەتی تێدایە، لەوانە پاڵپشتیکردنی تاقمی تیرۆریستی داعش و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی و تاوانی سپیکردنەوەی پارە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە دەزگای هەواڵگریی تورکیا بەدواداچوونیان بۆ ئەندامانی ئیخوانولموسلیمین سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی شارەکانی میسر کردووە و ئەم لێکۆڵینەوەیە لێکۆڵینەوەی لە تۆمەتی پشتیوانیکردنی داعش لە سووریا لە لایەن ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیەی لەخۆ گرتووە.
ئەنقەرە هەروەها ئەندامانی ئیخوانولموسلیمینی تۆمەتبار کردووە بە سیخوڕیکردن بەسەر کۆمەڵگە عەرەبییەکان و ڕاکێشانی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە.