لە سەر کوردانی سووریا ئەمریکا وشداریی بە تورکیا دەدات
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا هۆشداری داوەتە سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا لە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەو وڵاتە بۆ سەر کوردانی سووریا.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی کوردپرێسەوە، ماڵپەڕی ئەمریکی ئەکسیۆس ڕایگەیاندووە:«ڤیلیام بێرنز» سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا«سی ئای ئەی» لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ «هاکان فیدان» سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا«میت»، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا و هەوڵی ئەنقەرە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕێگای وشکانییەوە بۆ سەر ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریا هۆشداری داوەتێ.
ئەم گۆڤارە باسی ئەوەشی کردووە کە گوایە «بێرنز» لەبارەی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ لە دژی کوردانی سووریا هۆشداریی داوە بە «فیدان» چونکە بە گوتەی ناوبراو کارێکی لەو شێوەیە ژیانی کارمەندانی ئەمریکی کە لەو ناوچانە جێگیرکراون دەخاتە مەترسییەوە.
دوو سەرچاوەی ئەمریکی کە ئاگاداری ئەم بابەتەن به ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا لەو پەیوەندییەدا بە توندی لەگەڵ هاوتا تورکەکەی خۆی قسەی کردووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هێرشە ئاسمانییەکەی دوو حەوتە لەمەوبەری تورکیا بۆ سەر بارەگای چەکدارانی کوردی سووریا لە نزیک شوێنی هێزە ئەمریکییەکان هۆکار بووە بۆ ئەوەی «بێرنز» پەیوەندی بە «هاکان فیدان»ەوە بکات و هۆشداریی بداتێ.