کانونی یه‌که‌م 12, 2022 16:07 Asia/Tehran
  • سەرھەڵدانی گرژی لە پەرلەمانی تورکیا دوای تۆمەتەکانی وەزیری ناوخۆ دژ بە ئۆپۆزسیۆن

کۆگەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا ڕۆژی (یەکشەممە) لەکۆبوونەوەی پێداچوونەوە بە بودجەی وەزارەتەکانی خێزان و تەندروستی و وڵات بۆ ساڵی ٢٠٢٣ گرژی و دەمەقڕەی بە خۆیەوە بینی.

سێشەممەی ڕابردوو، پەرلەمانتارانی تورکیا دوای گفتوگۆکردن لەسەر بودجە لەگەڵ یەکتردا تێکهەڵچوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوسیا ئەلیوم، ئەم گرژی و ململانێیە دوای ئەوە سەری هەڵدا کە سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا نەیارانی حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیای بە «ڕۆڵەکانی ئەمریکا» ناوبرد.

ئەم ڕادەربڕینەی «سلێمان سۆیلو»، کە لە میانی کۆبوونەوەی پێداچوونەوە بە بودجەی وەزارەتەکانی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، تەندروستی و وڵاتدا کرا، بووە هۆی سەرھەڵدانی ئاژاوە لە هۆڵی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا.

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆیان کرد و نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن لە کاتی وتاردان دا پشتیان لە «دیریا یانیک» وەزیری خێزان و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی تورکیا کرد.

ئەم ململانێ فیزیکی و زارەکیانەی نوێنەران لە پەرلەمانی تورکیا لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئەم وڵاتە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی بێوێنە بوونەتەوە و بەهای لیرەی تورکی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ڕەوتی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان ڕاناوەستێت و بگرە هەژاری و بێکاریش زیاتر پەرەی سەندووە.

بەگوێرەی ئەو ئامارە فەرمییانەی کە دەزگای ئامار و زانیاریی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی دوانزە مانگی ڕابردوودا ڕێژەی هەڵاوسانی ئەم وڵاتە بۆ زیاتر لە 84% بەرزبووەتەوە. لە کاتێکدا ئامارە نافەرمیەکان زۆر زیاترن لەم ڕێژەیە.

سەرپەیڤ