کانونی یه‌که‌م 15, 2022 11:29 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی پارتی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی تورکیا بەرامبەر بە سزای زیندانیکردنی سەرۆکی شارەوانیی ئەستەمۆڵ

سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی تورکیا ناڕەزایەتیی دەربڕی بەرامبەر بە بڕیاری دادگای ئەستەمۆڵ بۆ زیندانیکردنی سەرۆکی شارەوانیی ئەم شارە.

دوێنێ دادگای تورکیا سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ زیندانی بەسەر «ئەکرەم ئیمامئۆغڵو» سەرۆکی شارەوانیی ئەستەمۆڵ و کاندیدی سەرۆکایەتیی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سەپاند.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیسنا، کەمال «کلیچدار ئۆغلۆ»، سەرۆکی پارتی  کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، دوای بڕیارەکەی دادگای ئەستەمۆڵ سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا کۆتایی پێ هێنا و گەڕایەوە بۆ تورکیاو لەکاتی گەڕانەوەشی لە فڕۆکەخانە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: ئێمە هەنگاومان بۆ چاکسازی لەم وڵاتەدا ناوە، بۆیە بەردەوام دەبین بۆ راستکردنەوەی نادادپەروەری.

سەرۆکی پارتی «کۆماریخوازی گەل»ی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە کە، بەڵێن بە خەڵکی تورکیا دەدەین کە لە دژی ئەو جۆرە هەڵس و کەوتە بە بەرنامانە دەوەستینەوە و بەرەنگاری دەبینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بەپاساوی جۆراوجۆر دەیەوێت شارەوانیس ئەستەمۆڵ کۆنتڕۆڵ بکات، لەکاتێکدا «ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ»، سەرۆکی شارەوانیی ئەستەمۆڵ بەدەنگی خەڵک گەییشتووەتە ئەو شوێنە و ئەوان تا دوا هەنگاو پشتیوانیی دەکەن.

هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتی تورکیا بە گردبوونەوە لە بەردەم بینای شارەوانیی ئەستەمۆڵ ،دروشمیان بەرزکردەوەو سزای زیندانیکردنیان بۆ سەرۆکی شارەوانیی ئەم شارە شەرمەزار کرد و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی «ئەردۆغان»یان کرد.

هەروەها خۆپیشاندەران لەو گردبوونەوەیەدا لەگەڵ «ئەکرەم ئیمامئۆغڵو» سەرۆکی شارەوانیی ئەستەمۆڵ و «مەرال ئاکشنەر» ئەندامی پارتی باش دیداریان کرد.

«ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو»ی سەربە پارتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی «کۆماریخوازی گەل»، لە ساڵی ٢٠١٩دا وتبووی، ئەوانەی لەو کاتەدا هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەستەمۆڵیان هەڵوەشاندەوە، "گەمژە" بوون.

سەرۆکی شارەوانیی ئەستەمۆڵ یەکێکە لەو دەگمەن سەرکردانەی ئۆپۆزسیۆن کە لە ڕاپرسییەکانیاندا وەک براوەی ئەردۆغان دەردەکەون.

 

سەرپەیڤ