کانونی دوھەم 09, 2023 19:27 Asia/Tehran
  • دیدار و ڕاوێژی سەرۆک پەرلەمانەکانی ئێران و تورکیا

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی پەرلەمانەکانی ئاسیا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبووەوە و باسی فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان کرد.

سیانزەهەمین دانیشتنی کۆگەی پەرلەمانەکانی ئاسیا، وەک یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی ئەم کیشوەرە، ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە نۆھەم و دەھەمی ژانویەی ٢٠٢٣ بە میوانداریی تورکیا بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا ٧ وڵات لەسەر ئاستی سەرۆکی پەرلەمان و ٤ وڵاتیش لەسەر ئاستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەشداریی تیادا دەکەن.

«محەمەد باقڕ قاڵیباف»، سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی پەرلەمانەکانی ئاسیا لەگەڵ «مستەفا شێنتۆپ» سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبووەوە و ڕاوێژی کرد.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ھەروەھا لە دیدارێکی دوو قۆڵیی دیکەدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بیروڕای گۆڕییەوە. ئەم دیدارە تایبەت بوو بە فراوانکردنی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و هاوکاریی نێوان هەردووک وڵاتەکە.

قاڵیباف هەروەها دیدارێکی دوو قۆڵیشی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئازەربایجان سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ یەکتری ئەنجام دا.

هەروەها دیدارێکی سێ قۆڵیش لە نێوان سەرۆک پەرلەمانەکانی ئێران، ئازەربایجان و تورکیا بەڕێوەچوو.

سەرپەیڤ