کانونی دوھەم 15, 2023 16:28 Asia/Tehran
  • بەردەوامیی پرۆسەی دەرکردنی کۆچبەرانی بیانی لە تورکیا

تورکیا زیاتر لە دووھەزارو ٣٠٠ کۆچبەری بیانی لەم وڵاتە دەرکرد.

سەرەڕای ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە نیشتەجێکردنی کۆچبەران لە خاکەکەی و ڕێگریکردن لە چوونە ناو سنوورەکانی ئەوروپا، حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە دەستگیرکردن و گەڕاندنەوەی کۆچبەران بەهۆی قەیرانی ئابووریی ناوخۆییەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئانادۆلۆی تورکیا، فەرمانگەی گشتیی کۆچبەریی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە ئەم دووهەزارو ٣٢١ کۆچبەرە لە ڕۆژی ٦ تا ١٢ی ژانویەی ئەمساڵ لە تورکیا دیپۆرت کراونەتەوە.

لەو ژمارەیەش ھەزارو ١٠١ کەسیان ئەفغانی و ١٧٧ کەسیان پاکستانی و ئەوانی دیکەش خەڵکی وڵاتانی دیکە بوون کە ناویان نەهاتووە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم کاتەدا نزیکەی دوو هەزار و ٢٦٩ کەس بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو تورکیا کە ٨٢٤ کەسیان ئەفغانین و ٩١ کەسیان پاکستانین و هەزار و ٣٥٤ کەسیان هاوڵاتیی وڵاتانی دیکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی فەرمانگەی گشتیی کۆچبەریی تورکیا، ئەم وڵاتە میوانداریی ١٩ هەزار و ٧٤٦ کۆچبەریشی کردووە کە زۆرینەیان کۆچبەری ئەفغانی و پاکستانین.

فەرمانگەی گشتیی کۆچبەریی تورکیا لە ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بە ساڵی ٢٠٢٢ هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی ١٢٤ هەزار و ٤٤١ کۆچبەری لە وڵاتەکەی دەرکردووە، کە بە کۆچبەری "نایاسایی" ناوی بردوون.

 

سەرپەیڤ