کانونی دوھەم 26, 2023 07:01 Asia/Tehran
  • هاوکاریی نێوان ئێران و تورکیا لە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکەیە

سەرۆکی گروپی دۆستایەتیی پەرلەمانیی ئێران و تورکیا وتی: هاوکاریی دوو قۆڵی ڕۆڵێکی کاریگەری لە گەشەی ئابووری و ئاسودەژیانی خەڵکدا هەیە و قازانجی بە گەلانی ناوچەکەش دەگات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی یانەی گەل، «عادڵ نەجەف زادە» سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی پەرلەمانیی ئێران و تورکیا ڕۆژی چوارشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ «مستەفا شێنتۆپ»ی سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی تورکیا لە ئەنقەرە، ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی بەردەوامی پەرلەمانەکانی نێوان ھەردووک وڵاتەکە کرد و وتیشی: پەرلەمانەکانی هەردوو وڵات پەیوەندییەکی کاراو ڕوو لەگەشەیان پێکەوە هەیە و ڕاوێژکاری نێوانیان لە ئاستێکی جیاوازدا بەردەوامە.

«نەجەف زادە» وێڕای ئاماژە کردن بە پێویستی یەکگرتوویی موسڵمانان لە بەرامبەر دووبەرەکی نانەوەی دوژمنان وتی: ئەمڕۆ یەکگرتوویی موسڵمانانی ئێران و تورکیا بە بنیاتنانی بلۆکێکی ئیسلامی بەهێز لە دژی سیستەمی پاوانخوازی ئیستیکباری، ڕۆڵێکی بەهێزتر لە جاران دەگێڕێت.

سەرۆکی گروپی دۆستایەتیی پەرلەمانیی ئێران و تورکیا ڕاشیگەیاند: پشتیوانیی دوو وڵات لە گەلانی ستەملێکراوی جیهان و بەتایبەت نەتەوەی فەلەستین بەڵێنی داهاتوویەکی گەش بە ناوچەکە و جیهان دەدات.

«مستەفا شێنتۆپ»یش ھەر لە دیدارەکەدا خۆشحاڵی خۆی بۆ میوانداری کردنی شاندە پەرلەمانییەکەی ئێران دەربڕی و وتیشی: گەشتە دۆستانە دووقۆڵییەکان پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا باشتر دەکەن و پەرەپێدانی پەیوەندییە پەرلەمانییەکانی ھەردووک وڵاتەکە بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی ئەم جۆرە هاوکارییانە گرنگە.

سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی تورکیا بە ئاماژەدان بە هاوبەشییە ئایینیەکانی نێوان هەردووک وڵات، جەختی لە فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوانیان کردەوە بە مەبەستی بەرزتر بوونەوەی دەنگی ئیسلام لە بەرامبەر ئیسلام ترسێن کردنی دوژمنان  کە لە ئێستادا لە هەندێک وڵاتی ئەوروپیدا پەرەی سەندووە .

سەرپەیڤ