پهروین بوڵدان:گەلانی تورکیا لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە ئایندەی خۆیان دەدەن هەربۆیە گرنگە و پێی دەڵێین مێژوییه
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گهلان (هەدەپە) ڕایگەیاند: گەلانی تورکیا لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە ئایندەی خۆیان دەدەن هەربۆیە گرنگە و پێی دەڵێین مێژوییه.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی تورکیا، پهروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گهلان (هەدەپە) له نوێترین وتووێژی تەلەفزیۆنیی خۆی دا رایگهیاند: گۆشەگیری ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە کێشە گەورەکانی وڵات، بەڵام بووهتە سیستمێک کە نەک هەر ئۆجهلان یان ئیمڕاڵی، بەڵکو هەمو تورکیا دەگرێتەوە .
پهیوهست به ههڵبژاردنی ئهمساڵی تورکیاش، بوڵدان وتی: ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی مێژوییە، چونکە لە تورکیا سیستمی ڕژێم هەیە، ئەم سیستەمە دەبێ نەمێنێ، تورکیا لە ڕاستیدا لە زۆر خاڵدا بڕیار دەدات و هەڵبژاردن زۆر بابەت دەگرێتەوە، تەنها هەڵبژاردنی سەرۆک یان هەڵبژاردنی ئەندام پەرلەمان نییە، بهڵکو ئەوە ئایندەی تورکیایە کە دەنگی لەسەر دەدرێت، تاریکی و ڕوناکی دەنگیان پێدەدرێت، شەڕ و ئاشتی دەنگی لەسەر دەدرێت؛ خۆشگوزەرانی، ئاشتی یان فاشیزم دەنگی لەسەر دەدرێت، هەمو ئەمانە هەڵبژاردنێک دەبن کە دەبێ بکرێت.
پهروین بوڵدان ئهوهشی خستوهتهڕووکە، ئەم ھەڵبژاردنە بۆ هەدەپەش گرنگە، چونکە ماوەیەکی زۆرە هەدەپە روبهڕوی توندوتیژییەکی گەورە بووەتهوه، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2015، لەژێر فشارێکی زۆردایە، هەڵبژاردنێکی مێژویی لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە هەڵبژێردراوەکان لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە و رەوانەی زیندانەکان دەکرێن و دۆسیەی داخستنی هەدەپە لە بەرنامەی کاردایە و راشکاوانە بڵێم ئێمە وەک هەدەپە گرنگییەکی زۆر بەو هەڵبژاردنانە دەدەین و وەک رزگاریی گەلانی تورکیا چاوی لێ دەکەین.
هاوسهرۆکی ههدهپه وتیشی: گەلانی تورکیا لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە ئایندەی خۆیان دەدەن، گەنجان و ژنان دەنگ بە ئایندەی خۆیان دەدەن، تەنها بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆک یان چەند ئهندامێک نییە بچنە پەرلەمانەوە، پڕۆسەی هەڵبژاردنێک دەبێت کە تیایدا هەمو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان و ئۆپۆزسیۆن دەنگ بە داهاتووی خۆیان دەدەن، هەربۆیە گرنگە و پێی دەڵێین مێژوییه.