دەمیرتاش: با لە مرۆڤایەتی دا یەک بگرین
«سەلاحەدین دەمیرتاش» هاوسەرۆکی پێشوتری (هەدەپە) لە پەیامێکدا رایگەیاند، دەسەڵات ئەرکی خۆی بۆ هاوکاری کردنی لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی تورکیا جێبەجێ ناکات، بۆیە داوا لە هەمو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، رێکخراوەکان، شارەوانییەکان و هاوڵاتیان دەکات جیاوازییەکان وەلابنێن و کار بۆ رزگارکردنی خەڵک بکەن.
«سەلاحەدین دەمیرتاش» هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پەیامەکەی دا ئاماژەی بەوەش کرد، بانگەواز ئاڕاستەی هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکات بۆ وەلانانی جیاوازییەکان و کارکردنی پێکەوەیی لەم قۆناغەدا بۆ هاوکاریی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە چونکە دەسەڵات بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە، ئەو کاری پێکەوەیەش بەمەبەستی "رزگارکردنی گەلەکەمان"ە و، لەو پێناوەشدا داوای پاڵپشتی لە هەمو حزبەکانی دیکە و رێکخراو و رێکخستنەکان دەکەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەم کاتەدا بۆ بەهانەوەچونی لێقەواماوانی بوومەلەرزەکە وا ھەڵدەگرێ هەموو شارەوانییەکان، مانگی سووری تورکیاو هەموو تیمە فریاگوزارەکان و هاوڵاتیان لە هەموو شارو گەڕەکەکان و گوندەکان بەگوێرەی توانا هاوکاریی بکەن و یارمەتی کۆکەنەوە، با ناوەندگەلی هەماهەنگی لەهەموو تورکیا دروست بکرێن و ئەو یارمەتیانە بگەیەنن بەشوێنی مەبەست.
هاوسەرۆکی پێشوتری (هەدەپە) ئەوەش ڕاگەیاندووە کە، ئەگەر دەوڵەت، هاوڵاتیان، حزب، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمپانیا گەورەکان نەتوانن بەتەواوی هاوکاری لێقەوماوان بکەن، ژمارەی قوربانییەکان لە ١٠٠ هەزار کەس تێدەپەڕێت، ئەگەر هاوکارییەکانیش زیاتر دوابکەون "کارەسات" دروست دەبێت، بۆیە پێویستە ناکۆکییەکان بخرێنەلاوە و لە مرۆڤایەتیدا پێویستە هەموان یەک بگرین.