شوبات 12, 2023 14:55 Asia/Tehran
  • «په‌روین بوڵدان» و «کەمال کلیچدار ئۆغڵو» گەییشتنە دیاربەکر

هه‌ریه‌که‌ له‌ «په‌روین بوڵدان» هاوسەرۆکی هەدەپە و «کەمال کلیچدار ئۆغڵو» سەرۆکی جەهەپە گەیشتنە دیاربەکر و سەردانی قوربانیانی بومەلەرزەکەیان کردو پێکەوە لێدوانێکیان ئاراستە کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی سەربە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، دوێنێ، «پەروین بوڵدان» هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان«هەدەپە» لەگەڵ شاندەکەی یاوەری کە پێکهاتبوون لە چەند پەرلەمانتارانێکی هەدەپە، سەردانی لێقەوماوانی ناوچەی ئۆفیسی «یەنیشەهیر»ی شاری ئامەدیان کرد، هاوکات «کەمال کلیچدارئۆغڵو» سەرۆکی «جەهەپە»ش هەر لە شاری ئامه‌د بە یاوەریی شاندێک، بەشێک لە زیانلێکەوتوانی شارەکەی بەسەرکردەوە، دواتر «بوڵدان» و «کیڵیچدارئۆغڵو» پێکەوە پرێس کۆنفرانسێکیان بەڕێوە برد.

لای خۆیەوه «پەروین بوڵدان» ڕایگەیاند، بەم دواییە دایکێکی بەتەمەن لە ژێر داروپه‌ردووه‌کان ڕزگار کرا، ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە هێشتا هەر هیوا بۆ ڕزگارکردن ماوه، ئازارەکانمان وەک یەکە و پێکەوە برینەکانمان ساڕێژ دەکەین.

 وتیشی: دەمەوێت بڵێم، ده‌سه‌ڵات له‌ ژێر داروپه‌ردووی بینا ڕووخاوه‌کان و وێرانکارییه‌کانی بوومه‌له‌رزە‌کەدا ماوه‌ته‌وه.

«بوڵدان» دووپاتیشی کردەوە، برینەکانمان قووڵن، ئازارەکانمان زۆرن، هیوادارم بە زووترین کات پێکەوە ئەم برینانە ساڕێژ بکەین، خەڵکێکی زۆر لە ئامەد لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندان، ئەگەر شارەوانییەکانمان دەستیان بەسەردا نەگیرایە، دەمانتوانی زووتر لەو ئازارە کەم بکەینەوە.

هەروەها «کەمال کلیچدارئۆغڵو» سەرۆکی «جەهەپە»ش، باسی لە یەکڕیزیی گەل و پشتیوانییەکانیان کرد و وتی، “بەراستی لەئێستادا دڵی تەواوی تورکیا لێرە لێدەدات، بومەلەرزە گەلی لە یەکتر نزیکتر کردەوە، بەرای من مادام هەست بە ئازاری یەکتر دەکەین، ئەو ئازارە سوکتر دەبێت.

سەرۆکی جەهەپە لە بەشێکی تری قسەکانی ئاماژەی بە، کەرتی بیناسازی لە تورکیا و خراپیی بەڕێوەبەرایەتی لەو وڵاتە کرد و وتی: “بیناکان بە باشی دروست ناکرێن و هیچ چاودێری و بەدواداچوونێکیش لەکاتی دروستکردنیان دا بوونی نییە، ئەمە پرسێکی گرنگە، بەڵام کێشەی گەورەتر بێ پلانییە.

سەرپەیڤ