شوبات 20, 2023 15:57 Asia/Tehran
  • سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ تورکیا

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گەشتەکەیدا بۆ ئەدەنە لەگەڵ هاوتا تورکەکەی دیدارو وتووێژی کرد.

بوومەلەرزەیەکی گەورە بە گوڕی ٧.٨ و ٧.٦ ڕۆژی دووشەممەی شەشەمی فڤریە ناوچەکانی باشووری تورکیا و باکوری سوریای گرتەوە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی دەزگای بەڕێوەبردنی فریاکەوتن و ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوەکانی تورکیا (ئافاد)، ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزە لەم وڵاتە بۆ ٤١ هەزار و ٢٠ کەس ھەڵکشاوە.

بە پێی ڕاگەیاندنی «ئافاد»، بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە سێبەری خستووەتە سەر ژیانی ١٣ ملیۆن کەس لەم وڵاتەدا. ھەروەھا لە ئەنجامی ئەم بوومەلەرزەیەدا زۆرێک لە باڵاخانەکانی ئەم وڵاتە بە دەوڵەتی و مەدەنییەوە  زیانیان وێکەوتووە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان مەزەندە دەکرێت ئەم بوومەلەرزەیە ٨٠ ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی تورکیا گەیاندبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تی ئاڕ تی، «ئانتۆنی بلینکن»، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە سەردانی شاری ئەدەنەی تورکیای کردووە، لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە دیدارووتووێژی کردووە. ئەمەش بەرزترین باڵاترین کاربەدەستێکی ئەمریکییە لە سەردەمی دەستەڵاتی «جۆ بایدن»ی سەرۆک مکۆماری ئەمریکا کە ھەتا ئێستا سەردانی تورکیای کردبێت.

«بلینکن»، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر دوای کۆبوونەوەکە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بینینی ئاسەواری کاولکاریی بوومەلەرزەکەی تورکیا گەلێک حەمناک بووەو ئەمریکا بڕیاری داوە هەموو هەوڵێک بەکار بێنێ بۆ فریاگوزاری و ڕزگارکردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا. ئەم کاربەدەستە باڵایەی ئەمریکا لە کاتێکدا بانگەشەی مرۆڤ دۆستی و خەمناک بوونی دیمەنی بوومەلەرزەکەی تورکیا دەکات کە لە وڵاتی سووریای دراوسێی تورکیاش ھەمان کارەسات بە شێوەیەکی سامناکتر ئاسەواری خۆی بەجێ ھێشتووەو کەچی دەوڵەتی وڵاتەکەی بەو سزا نایاساییانەی ڕێگرە لە بەردەم گەییشتنی یارڕمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە.

سەرپەیڤ