ئادار 02, 2023 12:27 Asia/Tehran
  • داخوازی بۆ دامەزراندنی

"تولای حاتەم ئوغلاری" نوێنەری هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا وێڕای ڕەخنەی تووند لە کارنامەی پارتی دەسەڵاتدار، خوازیاری کردنەوەی مۆزەخانەی شەرم بوو بۆ نیشاندانی کاری سەرشۆڕانەی حکومەت لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکاندا.

"تولای حاتەم ئوغلاری" نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە ) لە وتارەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا خوازیاری دانرانی "مۆزەخانەی شەرم" بوو، بۆ حکومەتی پارتی دادو گەشەپێدان و وتیشی: ئێوە ناتوانن بڵێن کە لە یەکەم کاتژمێرەکانی ڕوودانی بوولەرزەکەدا، خۆتان گەیاندۆتە ناوچە بوومەلەرەزەلێدراوەکان. لە کاتێکدا کە سێ ڕۆژ لە ڕوودانی بوومەلەرزە تێپەڕیبوو، هیچکام لە ئێوە لەو ناوچانەدا نەبوون، هیچ یارمەتییەکی میدیایی و ڕاگەیاندن لە لایەن حکومەتەوە نەدرا بە خەڵک. ئەوە خودی خەڵک بوون کە خۆیان هاتنە مەیدانەوە بۆ جێبەجی کردنی کارەکانیان.

نوێنەری هەدەپە بە ئاماژە بەوەی کە ئەوەی ڕوویدا جێ شەرمەزاری بوو، وتی: بەراستیی جێی شەرمەزارییە کە هەیڤی سوور خێوەتی ناردراو بۆ خەڵکی لێقەوماوی فرۆشتووە، خوێنی فرۆشتووە، خۆراکی نێو قوتووی فرۆشتووە. "تولای حاتەم ئوغلاری" لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: سەرۆک کۆمار، وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگری یەکبین  وبێ وچان خەریکی ڕاپۆرت دانن، لە کاتێکدا کە ئەو ڕاپۆرتانە هیچیان درووست نین و دەبێ شەرم بکەن لەبەر ئەو قسانەی دەیکەن. مرۆڤی بێ تاوان لەبەر کەمتەرخەمیی ئەوان گیانی لە دەست داوە و ئەوان هێشتایش هەرخەریکی قسەی بێ سەرەو بەرەن.