ئادار 05, 2023 11:45 Asia/Tehran
  • لەترسی بوومەلەرزە هەژمارێک لە خەڵکی ئەستەنبوڵ بەرەو شارەکانی تر کۆچ دەکەن

دوای رووداوی بومەلەرزە وێرانکەرەکەی رۆژی 6ی شوباتی تورکیاو کە بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، هەروەک هۆشداریی بەردەوامی پسپۆڕانی بواری جیۆلۆجی لە سۆنگەی مەترسیی روودانی بەمەلەرزەیەکی بەهێز لە ئەستەنبووڵ هەیە، بەشێک لە دانیشتووانی شاری ئەستەنبوڵ بەرەو شارەکانی تری تورکیا دەستیان بە کۆچکردن کردووە و دەیانەوێت خۆیان لە مەترسیی و ئەگەری هەر بوومەلەرزەیەک بپارێزن.

بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی تورکیا کە لە 11 هەرێمی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا روویدا، کاریگەریی لەسەر 15 ملیۆن کەس بووە، بەڵام هەر بوومەلەرزەیەک لە ئەستەنبوڵ رووبدات ئەوە کاریگەریی لەسەر 20 ملیۆن کەس دەبێت، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی ئەو شارە درووستکردووە و بەهۆیەوە دەیانەوێت روو لەو ویلایەتانەی تورکیا بکەن کە کەمترین مەترسیی روودانی بوومەلەرزەیان لەسەرە.

زۆرینەی ئەوکەسانەی دەیانەوێت ئەستەنبووڵ جێ بهێڵن و بەرەو ناوچەکانی تر بڕۆن هەڵسەنگاندن بۆ نەخشەی ناوچەکانی مەترسیی روودانی بوومەلەرزە لە تورکیا دەکەن کە لەلایەن ئیدارەی کارەسات و فریاگوزاری تورکیا (ئافاد)ەوە دەرکراوە.

بەپێی نەخشەکە، ئەو ناوچانەی مەترسیی روودانی بوومەلەرزەیان لە پلەی چوارو پێنجدایە، واتە مەترسیی روودانی بوومەلەرزەیان زۆرکەمە، بریتین لە: کیرکلارێلی، ئەدرنە (جگە لە کەنداوی سارۆس)، پارتین، زۆنگوڵداک، کاستامۆن.