«کەمال کلیچدارئۆغڵو» لە دوایین ڕاپرسی لە تورکیادا لە «ئەردۆغان» وەپێش کەوت
دوایین ڕاپرسی سەبارەت بە پێگەی جەماوەریی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەربڕی ئەوەیە کە کاندیدی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی «گەل» لە کاندیدی هاوپەیمانیی «جەماوەر» تێپەڕیوە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ١٤ی ئایاری ئەمساڵدا لەم وڵاتە بەڕێوەدەچێت. هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا ١٣هەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە لە مێژووی ئەم وڵاتەداو دووەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە لە دوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، هەروەها ٢٨هەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیایە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا، «ئوزار سەنجەر»، بەڕێوەبەری کۆمپانیای میترۆپۆلی تورکیا ڕایگەیاند، بەپێی ڕاپرسییەک کە لەم مانگەدا ئەنجام دراوە، کەمال «کلیچدارئۆغڵو»ی کاندیدی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی «گەل» لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دوو خاڵ و نیو لە «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری ئێستای ئەم وڵاتەو کاندیدی هاوپەیمانیی «جەماوەر» بەرزتر وەستاوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ٦٤ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی داهاتووی ئەم وڵاتەدا.
ماوەی سەرۆکایەتیی تورکیا پێنج ساڵە و ئەندامانی هەڵبژێردراوی خەڵک لە پەرلەمانی ئەم وڵاتەش بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە ٦٠٠ ئەندام هەڵدەبژێردرێن.