نیسان 18, 2023 14:02 Asia/Tehran
  • محەمەد عەلی دەسماڵی: دڵخۆشم بەوەی «ھەدەپە» ھەمیسان خۆی ڕێک خاتەوەو دەستەڵاتی شارەوانییەکان لە کوردستانی تورکیا بە دەستەوە بگرێت

«محەمەد عەلی دەسماڵی» کارناسی سیاسی و شارەزای پرسی تورکیا ڕایگەیاند: بە داخەوە ئەو ھەل و دەرفەتە مێژووییە کە لە ٢٠١٣دا دەستی کورد کەوت چاخێکی زێڕین بوو کە «پەکەکە» تێکی دا، لە ئێستادا بەوە دڵخۆشم کە «ھەدەپە» خۆی ڕێک خاتەوەو بە تێکۆشینی سیاسی دەستەڵاتی شارەوانییەکان لە کوردستانی تورکیا بە دەستەوە بگرێت.

«محەمەد عەلی دەسماڵی» کارناسی سیاسی و شارەزای پرسی تورکیا لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنی دا لە بەرنامەی زایەڵەی کەناڵی سەحەری کوردی لە پەیوەندی لەگەڵ دوایین گۆڕانکارییەکانی تورکیاو ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند: لە ئێستادا دۆخی تورکیا ئەو تابلۆیەمان دەخاتە بەرچاو کە پارتی دەستەڵاتداری دادوگەشە کە پترلە دوو دەیەیە حوکمڕانیی تورکیا دەکات و گەییشتووەتە لوتکە خەریکە بەرەوخوار تلۆر دەبێتەوەو لەوە ئەچێ ئەردوغان ئەمجارەیان یارییەکە بە خەنیمە سەرەکییەکەی کە «کلیچدار ئوغلو» بدۆڕێنێ و ھۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارتی دادوگەشە ھەر لە سەرەتاوە کە ھاتە مەیدانەوە ھەڵگری کۆمەڵێک دروشمی بریقەدار بوو، بەڵام ھێدی ھێدی وەک ھەر حکومەتێکی زۆرداری دیکە کاتێک دەستەڵاتی ڕەھا چێژی پێ بەخشی ھەموو ئەو دروشمانەی لەبیر چووەوەو تەنیا بیری لە مانەوە لە سەر دەستەڵات کرد.

«دەسماڵی» لە درێژەی وتەکانی وتیشی: با لەبیرمان نەچێ کاتێک لە ٢٠٠٢ دا ئەردوغان و ئاکپارتی دەستەڵاتیان گرتە دەست باسی ئەوەیان دەکرد کە ئێمە دەمانەوێ خزمەت بکەین و گەندەڵی و دەستکورتی و ھەژاری و نادادپەروەری نەھێڵین، ئەم دروشمانە بۆ قۆناغێکی دوورودێژ بە شێوەیەکی جوامێرانە جێبەجێ کران، بەڵام بەبەرە کاڵ بوونەوەو ئەو دیموکراسیەتەی کە بانگەشەیان بۆ دەکرد تەنیا دەساڵی خایاند. ھۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەردوغان بە درێژایی ئەم ساڵانە زۆربەی ھاوڕێ کۆنەکانی کە بگرە ھێندێکیان لەخۆی سیاوتریش بوون بۆ ئەو پۆستە، تەفروتونا کردن و خۆی بە تاقی تەنیا مایەوەو ئێستا قسە قسەی خۆیەتی.

ئەم کارناسە کوردە وێڕای ئاماژەکردن بەدوو کاندیدەکەی دیکەی گۆڕەپانی ھەڵبژاردنی تورکیا واتە «سینان ئوغان»و«موحەڕەم ئینجە» وتیشی: بوونی ئەم دوو کەسایەتییە لە دەنگەکانی «کلیچدار ئوغلو» کەم دەکەنەوەو ئەمەش مەترسییەکی گەورەیەو وا دەکات کە ھەڵبژاردن بکەوێتە قۆناغی دووھەم کە ئەوەش کرا ئەوسا «ئەردوغان» ھێندێک گوڕ دەگرێتەوەو دەرفەتی ئەوەی دەبێ کە لە ھەموو بارستایی و مسۆگەراتێک بۆ سەرکەوتنی خۆی کەڵک وەربگرێت.

«محەمەد عەلی دەسماڵی» وەک شارەزایەکی پرسی تورکیا  لە دوابەشی وتەکانی دا وەھا بیروڕای خۆی دەربڕی کە، سەرباری ئەوەی کە دابەزینی دەنگەکانی «کلیچدار ئوغلو» بە پشتیوانیی کوردو بە دیاریکراوی سەرکردەکانی کۆن و ئێستای «ھەدەپە» قەرەبوو دەکرێتەوە ، بەڵام بە داخەوە کورد لە شانۆی سیاسی داھاتووی تورکیادا دەستکەوتێکی وای نابێت و ئەمەش ھەواڵێکی تاڵە بەڵام ڕاستییەکەو ڕەبێ قەبوڵ بکرێت. بە داخەوە ئەو ھەل و دەرفەتە مێژووییە کە لە ٢٠١٣دا دەستی کورد کەوت چاخێکی زێڕین بوو کە زەحمەتە دووبارە بێتەوە، لەوکاتەدا «ھەدەپە» بە چالاکییە پەرلەمانییەکانی پێگەیەکی باشی لە تورکیادا بۆ خۆی مسۆگەر کرد، کەچی «پەکەکە» بە بەردەوام کردنی ھێرشەکانی لێی تێک دان و بەم پێیە لام وانییە ئەو خاڵ و سەرەتیانەی کە کورد لە ٢٠١٣ دا دەستی کەوتبوو ئەمجارەیان دەستی بکەوێتەوە، بەڵام نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە دەنگی لە سەدا دەو یانزەی «ھەدەپە» دەنگێکی کەم نییەو پشتگوێ ناخرێت و دڵخۆشیی ئەوەم ھەیە کە لە داھاتوودا پارتی دیموکراتی گەلان«ھەدەپە» ھەمیسان خۆی ڕێک خاتەوەو بە تێکۆشینی سیاسی دەستەڵاتی شارەوانییەکان لە کوردستانی تورکیا بە دەستەوە بگرێت.

سەرپەیڤ