حوزه‌یران 04, 2023 16:44 Asia/Tehran
  • ڕاگەیەندرانی ھەڵوێستی ئەردۆغان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی تورکیا

سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا ھەڵوێستی خۆی لە خولی نوێی سەرۆکایەتییەکەیدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە ڕاگەیاند.

«ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆککۆماری تورکیا، لە لێدوانێکدا لە دامەزراوەی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە، دوای ئاھەنگی سوێندخواردنەکەی، ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەست بە کارکردن دەکات بۆ بنیاتنانی سەدەمین ساڵی تەمەنی تورکیا.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە لایەنگری هەموو گەلی تورکیایە، وتیشی: دیموکراسی بە دەستورێکی ئازاد و مەدەنی و هەمەلایەنە بەهێزتر دەبێت و لە دەستووری ئێستا کە دەرئەنجامی کودەتایەکی سەربازی بوو، ڕزگاری دەبێت.

«ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» جارێکی دیکە بەڵێنی جێبەجێکردنی هەموو ئەو بەڵێنانەی بە گەلی تورکیا دا کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ڕایگەیاند بوو. ئەردوغان جیا لەو کێشانەی کە بەهۆی میلیتاریزمەوە بەرۆکی حکومەتی ئەنقەرەی گرتووە، بە نیازە ڕێگەچارەیەک بدۆزێتەوە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی ئابووری و کێشەس بژیوی ژیانی گەلی تورکیا کە یەکێکە لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی. ئەو نیگەرانیانەی کە شارەزایان پێیان وایە بەهۆی چارەسەرنەکردنی ئەم کێشانەوە تەنیا لە چوارچێوەی دروشمێکدا دەمێنێتەوە.

ئەمەو لەلایەکی دیکەوە، کابینەی نوێی حکومەتەکەی ئەردۆغان 17 وەزیر و جێگرێکی یەکەم لەخۆدەگرێت، کە زۆربەیان ئەندامی نوێن. لەنێو وەزیرە کاندیدکراوەکاندا، «محەمەد نوری» وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزارو «فەخرەدین کوجا» وەزیری تەندروستیش کە ھی خولی پێشووی دەوڵەتی ئەردۆغانن، بەدی دەکرێن. لەم دوو کەسە بەولاوە ئەوانی دیکە ھەر ھەموو کەسایەتیی تازە دێنە ئەژمار.

گومان لەوەدا نییە کە «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» وەک سیانزەهەمین سەرۆک کۆماری تورکیا لە مێژووی ١٠٠ ساڵەی ئەم وڵاتە، ڕووبەڕووی یەکێک لە دۆخە سەختەکان دەبێتەوە.دۆخێک کە بێ گومان دەرئەنجامی ڕاپەڕاندنی سیاسەتی نادروستی ناوخۆیی و دەرەکی لە حکومەتەکەی ئەردۆغاندایە.سەرەڕای هەموو ئەو سەختییانەی لە بەردەمی دایە،«ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سێیەمین خولی سەرۆکایەتییەکەی دا لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە؛ قەت مافەکانی تورکیا و گەلەکەی پشتگوێ ناخات و لەم بوارەدا خەمساردی نانوێنێت.

سەرپەیڤ