زۆربوونی جم و جۆڵیی سەربازیی تورکیا لە باکووری عێراق لە جەنگەی شەڕی غەززەدا
ژێدەرە ئاسایشییەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە سوپای تورکیا هەوڵێکی بەربڵاوی دەست پێ کردووە بۆ پەرەپێدانی بازنەی ئامادەبوون و زیاتر کردن هەژماری هێزەکانی لە باکووری عێراق.
ژێدەرە ئاسایشییەکانی عێراق ڕایانگەیاند لە ماوەی چەن هەفتەی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ چڕ بوونەوەی سەرنجی هەموو حکومەتەکان و وڵاتان و گەلانی جیهان لەسەر مەسەلەی غەززە، تورکیا هەوڵێکی بەربڵاوی دەست پێ کردووە بۆ پەرەپێدانی بازنەی ئامادەبوونی و زیاتر کردن هەژماری هێزەکانی لە باکووری عێراق. ئەم ژێدەرانە هەرەها دەڵێن کە تورکیا هێزی سەربازیی تازەنەفەسی خۆی لە زاخۆ و ناوچەی باتووفا و ناوچەکانی دەڤەری مەحموودییە لە نزیکی سنووری نێوان عێراق و سوریا سەقامگیر کردووە.
ئەم ژێدەرانە باسی ئەوەشیان کردووە کە درۆنە ناسکەرەکانی تورکیا هەموو ڕۆژێ خەریکی گەشت لێدانن لە ئاسمانی ناوچە سەرسنوورییەکانی عێراق و سوریا. ئانکارا یەکەگەلێکی تازەی لە ناوچە سەرسنوورییەکانی باکووری عێراق سەقامگیر کردووە و جم و جۆڵ و چالاکیگەلێکیش لە نێو بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێ.
ژێدەرە عێراقییەکان دەڵێن؛ سوپای تورکیا لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا لە دوو ناوچەی "دێرەلۆک" و "شیلادزێ" تا قووڵایی سی و پێنج کیلۆمەتریی خاکی عێراق هاتۆتە پێشەوە و سێزدە بنکەی سەربازی لە خاکی ئەم وڵاتەدا داناوە.