شوبات 03, 2024 13:15 Asia/Tehran

بەردەوامیی قەیرانی ئابوری لە تورکیا، جگە لە تیابردنی چینی هەژار و دەسکورت، کێشە و ئارێشەی چینی مامناوەندی کۆمەڵگای ئەم وڵاتەیشی زیاتر کردووە و مەترسی ڕووخان و تیاچوونی لەسەر ئەم چینەی کۆمەڵگا درووست کردووە.

بڵاوبوونەوەی دوایین ئامارەکان ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە بەرزبوونەوەی نرخەکان هاوکات لەگەڵ زیادبوونی هەڵاوسان کێشەی جددی لە سەر توانای کڕینی خەڵک دروست کردووە و هاوڵاتیانی تورکیا بەتایبەت چینی مامناوەند بەشێوەیەکی بەرچاو و هەستپێکراو توانای کڕینیان دابەزیوە.

سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا داتاکانی پەیوەست بە هێڵی هەژاری و برسێتی لە مانگی یەکیان شەیر کردووە کە دەریدەخات هێڵی برسێتی گەیشتووەتە ئاستێکی بەرچاو و خێزانێکی چوار کەسی کە لە ئانکارا دەژین دەبێت ١٥ هەزار و ٨٩ لیرە بدەن بۆ دابین کردنی خۆراکی پێویستیان. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەم بڕە پارەیە تا مانگێک لەمەوبەر ١٤ هەزار و ٤٣١ لیرە بووە. لەلایەکی ترەوە لە ساڵێک لەمەوبەرەوە زۆربەی چینی مامناوەندی کۆمەڵگای تورکیا بوونەتە قەرزداری بانکەکان. بەجۆرێک کە لە هەر چوار کەس لە حەشیمەتی تورکیا کە ٨٥ ملیۆن کەسە، یەکێکیان قەرزداری بانکە. شرۆڤەکارانی ئابووریی تورکیا دەڵێن: ئەم دۆخە لە وڵاتەکەیاندا بێ وێنەیە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە پلانە هەڵەکانی حکومەت و ناکارامەیی سیاسەتەکانی ئەردۆغانە.

مەحوی ئەیلەمەز، یەکێک لە ئابووریناسە بەناوبانگەکانی تورکیا دەڵێت: هەڵاوسان لە تورکیا گەیشتووەتە ئاستێک کە چینی مامناوەند خەریکە بەرەو نەمان دەڕوات! هۆکاری سەرەکی تێکچوونی بەردەوامی ئابووریی تورکیا و نەبوونی هاوسەنگی لە دابەشکرانی داهات، سیاسەتی کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکەکان بوو، کە لە مسێپتەمبەری ٢٠٢١ تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام بوو و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە. شایانی باسە کە چینی مامناوەندی هەموو کۆمەڵگایەک لە ڕاستیدا بنیاتنەرانی سەرەکی ئەو کۆمەڵگایەن.

بێگومان لەناوبردنی چینی مامناوەند کاریگەریی قەرەبوو نەکراوەی لەسەر هەر کۆمەڵگایەک دەبێ. بەردەوامیی قەیرانی ئابوریی تورکیا لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیی تورکیا بەم نزیکانە بەڕێوە دەچێت و بە بەردەوام بوونی ئەم پرۆسەیەش بێ گومان دەنگی خەڵکی ئەم وڵاتە بەرەو لای پارتە چالاکەکانی تری گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا دەچێت.

سەرپەیڤ