شوبات 13, 2024 10:00 Asia/Tehran
  •  تورکیا بەنیازە عەفرین پەیوەستی خاکی وڵاتەکەی بکا

ژێدەرە ئاگادارەکان لە باکوری سوریا دەڵێن؛ کردەی جێی گومانی تورکیا لە باکوری سوریاو ناوچەی عەفرین بۆ نمونە، سەپاندنی "لیر"ی تورکیا بەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، پێشاندەری پلان و بەرنامەی تورکیایە بۆ پەیوەست کردنی عەفرین بە خاکی ئەو وڵاتە.

"لزگین ئیبراهیم" رۆژنامەنووس و توێژەری ناوەندی توێژینەوەکانی فوڕات، لەوبارەوە وتی: "سەپاندنی لیری تورکیا بەسەر عەفریندا و لەناوبردنی پاسپۆرتی سوریی عەرەبەکان و تورکمانەکانی دانیشتووی عەفرین و پێکهێنانی ڕێگاکانی پەیوەندیی نێوان عەفرین و شارە تورک نشینەکانی تورکیا وەک ئەسکەندەرییە، پێشاندەری نەخشەی تورکیایە بۆ پەیوەست کردنی عەفرین بە خاکی تورکیا".

ژێدەرە ئاگادارەکان لە باکوری سوریا دەڵێن، شەش ساڵ دوای داگیرکرانی عەفرینی سوریا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، ئەو وڵاتە بەنیازە بە نەهێشتنی کوردەکان لە عەفرین، گۆڕینی دێموگرافیا و داڕشتی حەشیمەتیی ئەو ناوچەو نیشتەجێکرانی عەرەب و تورکمانەکان، شووناسی کوردبوون لە عەفرین بسڕێتەوە.

"ئیبراهیم شێخۆ" وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە سوریاش لە دیمانەیەکدا وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە، حاڵەتەکانی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە لایەن تورکیاوە لە عەفرین لە مانگی ژانڤییەدا پەری سەندووە، وتی: حکومەتی تورکیا لە مانگی ژانڤییەدا پەنجاو سێ کوردی لە عەفرین ڕفاند کە پانزە کەسیان ژن و حەوتیشیان منداڵ بوون، و چارەنووسیان نادیارە.

سەرپەیڤ