ئاب 13, 2024 08:34 Asia/Tehran

وەزیری بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆ چەند شەرت و مەرجی هێنایەئاراوە بۆ چوونەدەری سوپای وڵاتەکەی لە خاکی سوریاو کۆتایی هێنان بەداگیرکەریی لەو وڵاتەدا.

"یاشا گولەر" وەزیری بەرەڤانیی تورکیا وتی: ئانکارا پێش ڕێککەوتن لەسەر یاسای بنەڕەتیی تازە، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و دابینکرانی ئاسایشی سنورەکان، سەبارەت بە هاواهەنگی لەسەر چوونەدەر لە سوریا، لەگەڵ ئەو وڵاتە وتووێژ ناکا.

گولەر وتیشی: بێتوو بارودۆخ لەبار بێ، ڕەنگە چەند دانیشتنێک بەڕێوەبچێ لەنێوان تورکیاو سوریادا وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات. ئەو شەرت و مەرجانەی تورکیا بۆ چوونەدەر لە سوریا لەکاتێکدا هاتووەتەئاراوە کە بەرپرسانی تورکیاو لەسەروویانەوە، "رەجەب تەییب ئەردۆغان" لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار هۆگریان دەربڕیوە بەرامبەر ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتی سوریا.

رەجەب تەییب ئەردۆغان پێشتر لە پرێس کۆنفرانسێک پاش کۆبوونەوەکانی ناتۆ لە واشنگتۆن، وێڕای ئاماژە بەوەی کە بەنیازە چاوی بە بەشار ئەسەد بکەوێ و پەیوەندیی نێوان دوو وڵات ببوژێنێتەوە، وتبووی: "دوو حەوتە لەمەوبەر، داوام لە ئەسەد کرد لە تورکیا یان وڵاتێکی دیکە، چاومان بەیەک بکەوێ".

کاربەدەستانی سوریا، چوونەدەری هێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریاو کۆتایی داگیرکەریی ئەو هێزانەیان وەک شەرتی وتووێژی بەرپرسانی دوو وڵات ڕاگەیاندووە.

سەرپەیڤ