قەییومی دێرسم دیواری کۆنکرێتیی لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانی دانا
بولەنت تەکبییکۆغڵو، پارێزگاری دێرسیم دوای ئەوەی وەک قەییوم لە شوێنی هاوسەرۆکیی شارەوانی دێرسم دەستبەکاربوو، هەژماری سۆشیال میدیای شارەوانیی شارەکەی گۆڕی.
ئێوارەی رۆژی (هەینی 22ـی تشرینی دووەمی 2024)، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییومی لەسەر شارەوانیی دێرسم و شارەوانی شارۆچکەی پلوور دانا. بولەنت تەکبییکۆغڵو پارێزگاری دێرسم وەک قەییوم لە شوێنی جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسمی دەم پارتی، دەستنیشانکرا، هەروەها لە شوێنی مستەفا ساریگول، سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی پلووری جەهەپە، حوسێن شامیل قایمقامی پلوور بە قەییوم دانرا.
دوای دەستبەکاربوونی، بولەنت تەکبییکۆغڵو ناوی هەژماری سۆشیاڵمیدیای شارەوانی دێرسمی بۆ شارەوانی تونجەلی گۆڕی.
جگە لەوەش دەقی "پێکەوە سەرکەوتین، پێکەوە بەڕێوە دەبەین" کە لە سەردەمی جەودەت کۆنەک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسم نووسرابوو، سڕایەوە و لەبری ئەوە ئایکۆنی ئاڵای تورکیا دانرا. تەکبییکۆغڵو دوێنێ دیواری کۆنکرێتی لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانی دانا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا (رۆژی هەینی، 22ـی تشرینی دووەمی 2024)، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو سزایەوە سەرۆکی ئەو دوو شارەوانییە لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە و لە شوێنیان پارێزگاری دێرسم و قایمقامی شارۆچکەی پلوور دانران. بڕیارەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتییش دانانی قەییوم بە ''دزینی ویستی گەل'' وەسف دەکات و دەڵێت، ئەگەر کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر نەکرێت، ناتوانرێت هیچ کێشەیەکی دیکە چارەسەر بکرێت.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی بەشداریی لە کۆنفرانسێک لە ئەنقەرە کرد و رایگەیاند: ''ئیدی ئەم عەقڵییەتی رژێمی قەییومییە لە کۆشک دیاریدەکرێت و لە کۆمەڵگە جێبەجێ دەکرێت''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، لە پرسی قەییومدا یەکێک لە زەرەرمەندترین پارتەکان ئەوانن و گوتی، ''ئەمە سێیەمین خولی هەڵبژاردنە خۆجێیەکانە، ئەو شارەوانییانەی بە دوو هێندە کردنی دەنگەکانمان بەدەستمانهێنابوون، جارێکی دیکە قەییومیان بۆ دانرا''.
هاتیم ئۆغوڵڵاری قەیوومی بە دزینی ویستی گەل وەسفکرد. "ناکرێت کەسانی هەڵبژێردراو لاببرێت و شارەوانییەکان لەلایەن کەسانی هەڵنەبژێردراوەوە بەڕێوەببرێت و گوتی، ''ئەمە کوتینی دوایین بزمارە لە تابوتی دیموکراسی''.
لەبارەی دانانی قەییوم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلووری پارێزگای دێرسمی، دەم پارتی بە دەسەڵات دەڵێت، "ئەگەر پێتان وابێت بە دانانی قەییوم پارتەکەمان دەترسێنن، بە هەڵەدا چوون."
دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە ئەنجامی بڕیارە سیاسییە قەییوومییەکان، ئەمڕۆ دەست بەسەر شارەوانییەکانی دێرسم و پلووریدا گیرا."
دەم پارتی بە دەسەڵات دەڵێت، "ئەگەر پێتان وایە بە پێداگریکردن لەسەر کودەتای قەییوم پارتەکەمان دەترسێنن، ئەگەر پێتان وایە دەتوانن وا لە گەل بکەن واز لە بژاردە سیاسییەکانی خۆی بهێنێت، وا لە کۆمەڵگە بکەن ئەو کودەتایە قبووڵ بکات، بە هەڵەدا چوون."
لە ساڵی 2016ـەوە سێیەم جارە قەییوم، لەجێی شارەدارییەکانی دەم پارتی، کە درێژکراوەی هەدەپەیە دادەنرێن.
لە دێرسم بەهۆی ناڕەزایی دژی دانانی قەییوم 8 کەس دەستگیرکران