بانگەشەی حکومەتی تورکیا سەبارەت بە گەشەپێدانی ناوچە کوردنشینەکانی ئەم وڵاتە
حکومەتی تورکیا بانگەشەی کردووە لە چوارچێوی گەڵاڵەیەکدا بە بایەخی ١٤ ملیار دۆلار بەنیازە کەلێنی ئابووریی نێوان ناوچە کوردنشینەکانی باشووری ڕۆژهەڵات و ناوچەکانی دیکەی ئەم وڵاتە کەم بکاتەوە.
هاوکات لەگەڵ تەشەنەی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر وڵاتانی سوریا و عێراق بە بیانووی سەرکوت کردنی گرووپەکانی بەرهەڵستکاری کورد و لە کاتێکدا کە هیوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کۆتایی بێت بە چەن دەیە شەڕی نێوان ئانکارا و پەکەکە، حکومەتی تورکیا ڕایگەیاندووە بەنیازە لە چوارچێوی گەڵاڵەیەکدا هەنگاوگەلێک هەڵگرێ لە پێناو گەشەپێدان و پێشخستنی ناوچە کوردنشینەکانی ئەم وڵاتە.وەزیری پیشەسازیی تورکیا لە شاری شانلی ئورفا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە وتی: حکومەتی ئەردوغان سەرجەم ۱۴.۱۵ ملیار دۆلار خەرجی ١٩٨ پرۆژە دەکات لە سەرانسەری ناوچە کوردنشینەکان و ئەم پرۆژانەش هەتا ساڵی ٢٠٢٨ هەموو جێبەجێ دەکرێ.
لە ڕۆژانی ئەمدواییەدا دوو نوێنەری پەرلەمانی تورکیا بۆ یەکەم جار لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا لەگەڵ "عەبدوڵا ئۆجەلان" ڕێبەری زیندانیی پەکەکە دیداریان کرد و سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئۆجەلان لەم دیدارەدا وتوویەتی کە داوا لە چەکدارانی پەکەکە دەکات چەکەکانیان دانێن.
حکومەتی تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی ئەم وڵاتەدا یاساو ڕێساکانی دۆخی ئاسایشیی و ڕەوشی نائاسایی بەڕێوەبردووە و بەردەوامیش لەشکەرکێشیی کردووە بۆ سەر عێراق و سوریا.