هۆشداری داودئۆغڵو سەبارەت بە دۆخی تورکیا
سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا وێڕای ڕەخنەی توندی لە کارنامەی سیاسی و ئابووری حکومەتی ئەردۆغان، نیگەرانیی خۆی لە داهاتوو دەربڕی.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیران و وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا، لە وتارەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆڕی ئەندامانی هاوپەیمانی ڕێبازی نوێ، بە توندی ڕەخنەی لە ئەردۆغان گرت. داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە، بۆ یەکەمجار ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی ئەردۆغان و پارتەکەی لە سەرووبەندی لەناوچووندان و هەموو سیاسەتەکانی حکومەت لە ڕێگایەکی هەڵەدا دەڕوات. داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە ڕەخنەی لە دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی تورکیا گرت و ڕایگەیاند کە ئەردۆغان وەک سەرۆکی حکومەت هەستی بە نالەبار بوونی کەش و هەواکە نەکردووە و ئاگاداری ئەوە نەبووە کە کەشتییەکەی خەریکە نوقم دەبێت. جەختیشی لەوە کردەوە، "ئەردۆغان و پارتەکەی کارێکیان کردووە کە ئەخلاق لە جیهانی سیاسەتدا نەمێنێ ". هەڵاوسان هەروا بەرزە، خەڵک لەژێر فشاردایە و هەندێک جەنایەتکار وەک بەکرێگیراو بۆ کوشتنی نەیارانی سیاسی بەکاردەهێندرێن.