داودئۆغڵو: داوای رێپێدان لە میسر دەکەم و ئامادەم بە پێی خاوسی بڕۆمە غەززە
حوزهیران 12, 2025 16:41 Asia/Tehran
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، خۆی و هاوژینەکەی پلانیان وایە بە پێ بڕۆنە غەززە و بۆ ئەو مەبەستەش داواکاری ئاراستەی حکومەتی میسر دەکەن.
ئەحمەد داودئۆغڵو لە بەشێکی گوتارەکەیدا جەختی لەسەر بابەتی غەززە و گەمارۆی سەر ناوچەکە کردەوە و گوتی: "بە ئامانجی هاوپشتی و هاوبەشیکردنی چارەنووسی خەڵکی غەززە، بڕیارمدا لەگەڵ هاوژینەکەم داواکاریی رێگەپێدان بۆ تێپەڕینمان بۆ خاکی غەززە، ئاراستەی حکومەتی میسر بکەم. ئێمە لە ناخەوە و بەڕاستی هەستدەکەین و دەزانین خەڵکی غەززە لە چ دۆخێکدان".
داودئۆغڵو،کارمەندەکانی کەشتیی 'مادلین'ـی بە قارەمان ناوبرد، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون. هاوکات باسی لە بوونی هاوپشتییەکی زۆری وڵاتان لە گەلی فەلەستین کرد.