بڵێسەسەندنی ئاگر لە تورکیا و ڕەخنە لە بەڕێوەبەرایەتیی لاواز و نەشیاو لە حکومەتی ئەردوغاندا
زۆرێک لە شرۆڤەکارانی تورکیا خوازیاری وازلەکارهێنانی وەزیری کشتوکاڵی ئەم وڵاتە بوونە و بڕوایان وایە کە هۆی سەرەکی زیاتر بوونی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، نە گەرمایە و نە گۆڕانکاریی کەش و هەوا، بەڵکوو لاوازی و بێدەربەستی بەڕێوەبەرانی ئەم وڵاتەیە لە راپەڕاندنی ئەرک و ئەستۆگرییەکانیان.
دارستانەکانی تورکیا لە ماوەی چەن ڕۆژی رابردوودا دیسان ئاوریان تێبەربوو و بازنەی ئاگرەکان ئەوەندە بەربڵاو و تۆقێنەر بوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٠ کەس. ڕۆژنامەکانی چاپی ئانکارا ئەمڕۆ مەسەلەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەم وڵاتەیان کردبووە هەواڵ و مانشێتی سەرەکیی خۆیان و نووسیبوویان کە حکومەتی ئەردوغان لە جیاتی خۆنواندن و خۆدەرخستنی بێدەسکەوت سەبارەت بە ڕووداوەکانی سوریا، هەوڵ بۆ ناوبژیوانی کردن لە نێوان ئوکراین و ڕوسیا، خۆوەردان لە کاروباری لیبی و سیاسەتە ناشەفافەکانی سەبارەت بە ڕژێمی زایۆنی و زۆر بواری دیکەیش، تەرکیزی بخاتە سەر کۆنترۆڵ کردن و دامرکاندنی ئاگرەکانی ناوخۆ کە سامانی نەوەکانی داهاتوو و ئێستایە و هەروا خەریکە دەسووتێ و تیادەچێ.
ڕۆژنامەکانی ئۆپۆزسیۆنتش بە ڕەخنە و گازندەوە نووسیان: مردنی ئەم هاووڵاتیانە لەبەر چارەنووس بوو یان بێ دەربەستی و بێدەسەڵاتی حکومەت؟ ئوزگور ئوزەل ڕێبەری پارتی کۆماریخوازی گەل، لە پەیامێکدا تورکیای بە وڵاتی "مردنی هاسان" ناوبرد و ڕایگەیاند: بێدەربەستیی حکومەت بەرامبەر بە مردنی شاروومەندان لەم ڕووداوە تاڵە لە دونیادا نموونە و لەوێنەی نییە."ژمارێک لە شرۆڤەکاران و شارەزایانی پرسە سیاسییەکانی تورکیا بڕوایان وایە کە مەسەلەکە واوەتر لە ئاگربەربوونە دارستانە و حکومەتی سەر بە پارتی داد و گەشە، بەرامبەر بە زۆر ڕووداوی تاڵ و دڵتەزێنی ساڵانی رابردوویش، ستراتژی و کاردانەوەیەکی تژی لە بێدەربەستی و کەمتەرخەمی گرتۆتە بەر.
ڕۆژنامەی قەرار چاپی ئانکارایش نووسی: لەم چەن ساڵەدا، کارساتی سەرچاوەگرتوو لە کەمتەرخمی و بێدەربەستیی کاربەدەستانی حکومی، قوربانییەکی زۆری لە تورکیا لێکەوتۆتەوە. بۆ وێنە ٣٠١ کەس لە کانگەی سۆما و ١٨ کەس لە کانگەی ئەرمەنک گیانیان لە دەست دا. ٢٥ کەس لە کارەساتی شەمەندەفەری چوورلوو، ١٠ کەس لە ڕووداوی ئاسانسۆری مەجیدیە کوی و ٧٨ کەسیش لە ئاگرەکەی هۆتێلی ئیسکیبازەکانی "کارتال کایا" گیانیان لە دەست داوە و ١٢ سەربازی تورکیاش لە ئەشکەوتێکی کوردستانی عێراقدا بە هۆی گازەوە خنکان. ئەم لیستە دوور و درێژە پیشاندەری ئەوەیە کە حکومەت ناتوانێ لەو کارەساتانە وانە بگرێ و خۆی ئامادە بکات بۆ کۆنترۆڵ و بەڕێوەبەرایەتی کردنی ڕووداوەکانی داهاتوو.