ئاکپارتی: پرۆسەی چارەسەری، رۆژەڤی بنەڕەتیی کۆبوونەوەکانمانە
گوتەبێژی ئاکپارتی باسی پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی کە لە کۆبوونەوەکانیاندا رۆژەڤی بنەڕەتییانە.
لە دوای کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی ناوەندی بڕیار و بەرێوەبردنی ئاکپارتی، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئەم پارتە وتی کە "لە کۆبوونەوەکانی ناوەندی راپەڕاندن و ناوەندی بڕیار و بەرێوەبردنی پارتەکەیاندا، یەکێک لە تەوەرە بنەڕەتییەکانی رۆژەڤیان، وەک ئەو دەڵێ تورکیای بێ تیرۆرە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە تەواوی کارەکانیان لە بابەتی ئەو شتەی کە تورکیای بێ تیرۆری پێدەڵێن بە هەستیارییەوە جێبەجێ دەکەن و بە رۆژژمێر و ستراتیژییەکی گونجاوەوە درێژەیان پێدەدەن.
گوتەبێژی ئاکپارتی هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە چەکدانانی پەکەکە تەواوی ئەو هێزانە دەگرێتەوە کە سەر بەو رێکخراوەن، وتیشی: "رۆژەڤ چەکدانان و سووتاندنی چەکەکانە. جگە لەمە بە هیچ جۆرێک داواکاریی جیاواز و گۆڕانکاریی جێی باس نییە. ئەگەر جگە لەمانە هەر هەنگاوێک بنرێت، هیچ رۆڵێکی ئەرێنیی بۆ پرۆسەکە نابێت".