جەهەپە: هیچ قسەیەک نەکراوە لەسەر ڕۆیشتن بۆ ئیمرالی
بریکاری سەرۆکى فراکسیۆنی پارتى گەلى کۆمارى (جەهەپە) وتی: چوونی ئەندامانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ ئیمراڵی و دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، هەرگیز نەهاتووەتە رۆژەڤ و هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئەو بابەتە نییە.
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، هەینی رابردوو رایگەیاندبوو بڕیارە شاندێکی پێنج کەسیی لە کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا دامەزراوە، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆببێتەوە.
لە کاردانەوە بە لێدوانەکەی پەروین بوڵدان، موراد ئەمیر بریکاری سەرۆکى فراکسیۆنی جەهەپە رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆن و کۆبوونەوە ئامادەکارییەکاندا بە سەرپەرشتیی نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان، بابەتی چوون بۆ ئیمراڵی هەرگیز گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە و هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئەمە نەکراوە.