هاکان فیدان: پەکەکە لە عێراق و سووریاش دەبێت چەک دابنێت
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیداری فواد حسێن، هاوشانی عێراقیی خۆی لە بەغدا، باسی لە پێویستیی هاریکاریی ئاسایشی و ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە کرد و خوازیاری چەکدانانی هێزەکانی پەکەکە و هەسەدە لە عێراق و سووریادا بوو.
هەر لەو بارەیەوە، هاکان فیدان وتیشی: "ڕێگەچارەی هاوبەش، لێگەیشتن و هاریکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکەیە بەبێ پشت بەستن بە هێزە بیانییەکان."
ناوبراو، بارودۆخی ئێستای عێراقی بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و ئاماژەی بە بەرنامە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات لە چەند بوارێکی وەکوو ئاو، وزە و بازرگانی کرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد کە ڕێککەوتننامەی نوێ لە نێوان ئانکارا و بەغدا دەتوانێت بەستێن خۆشکەر بێت بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ژێرخانەکانی ئاو، هەروەها پەرەپێدانی هاوکاری لە بواری وزەیشدا.
ناوبراو داوای لە حکومەتەکانی عێراق و سووریایش کرد کە چەکداماڵینی تۆکمە و تەواوی پەکەکە هەنگاوێکی بنەڕەتی دەبێ لە پێناو دامەزراندنی ئاسایشێکی تەواو لە ناوچەکەدا.