وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: بەیاننامەی بارەگای بارزانی سەبارەت بە باخچەلی، بێ ڕێزیی کردنە
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەو بەیاننامەی لەلایەن بارەگای بارزانییەوە بڵاو کراوەتەوەو سێرەی لە "دەوڵەت باخچەلی" سەرۆکی پارتی بزاڤی نیشتمانی(مەهەپە) گرتووە، هەم لەباری ناوەرۆکەوەو هەمیش لەباری ئەدەبیاتەوە، قەبووڵنەکراوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا داوای لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کرد، سەبارەت بەو لێدوانە "بێڕێز و دنەدەرانەی بوختانی بێ بنەمایان تێدا هاتووەتەئاراوە"، ڕوون کردنەوە بداو خێراش هەڵوێستێکی شیاو و لێپرسراوانە لەهەمبەریدا بگرێتەبەر. بارەگای بارزانی لە بەیاننامەیەکدا و لە کاردانەوە بە لێدوانی رەخنەگرانەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزاڤی نیشتمانیی تورکیا(مەهەپە)، سەبارەت بە سەفەری ئەم دواییەی مەسعود بارزانی بۆ شرنەخ، وتوویەتی: ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووەو وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانەو ئێستا لە پێستی مەڕدا.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاش لە کۆبونەوەی گروپی پەرلەمانی پارتەکەی ڕەخنەی لە بارەگای بارزانی گرت و وتی، "لێرەدا دەمەوێت ئەوە ڕابگەیەنم کە بە هیچ شێوەیەک ئەو لێدوانە بێڕێز و بێسنورانەی دوێنێ پەسەند ناکەین و بە قبوڵنەکراوی دەزانین کە هاوپەیمانمان دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپەی کردبووە ئامانج".
"عومەر چلیک"ی گوتەبێژی پارتی دادوگەشەپێدانیش لە کاردانەوە بە بەیاننامەکەی بارەگای بارزانی ڕایگەیاند کە دەوڵەت باخچەلی هیچ رەخنەیەکی تاکەکەسیی دژی بارزانی نەهێناوەتە ئاراوەو لێدوانەکانی تەنیا ڕووی لە پاسەوانەکانی بارزانی بووەو هیچ لێکدانەوەیەکی نگەتیڤی لەبارەی بارزانی نەخستووەتەڕوو. وتەبێژی پارتی دادوگەشەپێدان هەروەها وتی: بەیاننامەی بارەگای بارزانی بێ ڕێزییەو لە ووشەی وەک، رەگەزپەرست و فاشیست کەڵکی وەرگرتووە. چلیک بەکارهێنانی ئاخاوتن و ئەدەبیاتی توند لە بەیاننامەی بارەگای بارزانی، بە "بێ ڕێزیی" زانی و خوازیاری چاککران و پێداچوونەوەی بوو.