سەرۆک پەرلەمانی تورکیا: بە هەڵوەشانەوەی پەکەکە کێشەی تیرۆر دەبڕێتەوە
سەرۆک پەرلەمانی تورکیا وتی: پڕۆسەی ئاشتی بە ئامانجی پتەوکردنی یەکڕیز ناوخۆ و کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان و ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنان لەلایەن زلهێزە بیانییەکانەوە دەستیپێکردووە و ئێستا گەیشتووەتە قۆناغێکی چارەنووسساز.
نوعمان کورتولموش بە ئاماژە بە پرۆسەی "تورکیا بێ تیرۆر" جەختی کرد کە ئەمجارە بەپێچەوانەی هەوڵەکانی پێشوو، ئیرادەی نیشتمانی و پەرلەمانی تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمیسیۆنێکی تایبەت بۆ گەیشتن بە کۆدەنگی سیاسی پێکهێنراوە. کورتولموش ڕاشیگەیاند؛ بێتوو پەکەکە بەتەواوی چەک دانێت و هەڵبوەشێتەوە، کێشەی تیرۆر بۆ هەمیشە لە بەرنامەی تورکیا دووردەخرێتەوە. سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وتیشی: لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا شەڕی دژ بە پەکەکە زیانێکی زۆری مرۆیی و ئەمنی و ئابووریی لە تورکیا گەیاندووە و بە پێی ئامارەکان تێچووی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تیرۆر تا ساڵی ٢٠١٣ نزیکەی ١.٣ تریلیۆن دۆلار بووە، ئەمەش لە ئێستادا زۆر زیاترە.