کۆبوونەوەی هاوکاتی نەیارانی ناتۆ لە چەن شاری تورکیادا
هاوپەیمانی "نا بۆ ناتۆ" پێش دەسپێبوونی کۆبوونەوەی سەرانی ناتۆ لە ئانکارا لە ڕۆژانی ٧-٨ی جولای، هاوکات لە ئانکارا، ئەستەموڵ و ئیزمیر گردبوونەوەی ئەنجامدا.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی بەڕێوەچوونی لوتکەی ناتۆ لە ئانکارا، هاوپەیمانی "نا بۆ ناتۆ" لە ئانکارا، ئەستەموڵ و ئیزمیر گردبوونەوەی ئەنجامدا و داوای کشانەوەی تورکیا لە ناتۆ، داخستنی بنکەکانی هاوپەیمانی و ئازادکرانی دەستگیرکراوان و زیندانییانی دۆسیەکانی ئەمدواییەی کرد. خۆپیشاندەران دروشمی وەک "ناتۆ تورکیا بەجێبهێڵێت"، "بنکەکانی ناتۆ دابخرێن" و "ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچێتە دەرەوە"ـیان وتەوە. هاوپەیمانی "نا بۆ ناتۆ" لە کۆتایی گردبوونەوەکانی ڕایگەیاند، ناڕەزایەتی دەربڕینەکان تەنیا بە سێ شاری ئانکارا، ئەستەموڵ و ئیزمیر سنووردار نابن و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە شارەکانی وەک ئەدەنە، مەلاتیا، دیاربەکر و ناوچەکانی دیکەی تورکیاش بەرپا دەکرێن. ٢٢٥ کەس لە ناڕازییان بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرانی ناتۆ لە تورکیا دەستگیرکران و ١٧٨ کەسیان بە فەرمانی دادگا ڕەوانەی زیندان کراون.