هەڕەشەو گوڕەشەی واشنگتۆن ، بڕانەوەی بۆ نییە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەدرێژەی ڕەوتی دوژمنکارانەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەهەمبەر بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام) پێی داگرت؛ ئەگەر بەرجام بەگوێرەی ویستی ئەمریکا نەگۆڕدرێ، واشنگتۆن لەو ڕێککەوتنە ناڤۆکییە، دەچێتەدەر.
رێکس تەیلرسۆن دوێنێ سێ شەممە لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی فەکس نیوز ئیدیعای کرد، بەرجام لەچوارچێوەی ئێستایدا بەوجۆرەی کە دەبێ ڕێگرنییە لەبەردەم پێشکەوتنی بەرنامەی ناڤۆکی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکاش دوێنێ سێ شەممە لە وتاردانەکەی لە حەفتاو دووهەمین دانیشتنی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆچەندەمین جار بەپێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، بەرجامی بە ڕێککەوتنێکی ترسناک و بەمایەی شەرمساری بۆ ئەمریکا زانی.
ئەوە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ئوروپایی لەوان ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسەو فدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا لە رۆژانی ڕابردوودا چەندین جار بەداکۆکی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، ڕەخنەیان گرتووە لە هەڵوێستەکانی حکومەتی دۆناڵد ترەمپ لەمەڕ بەرجام.
ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و گرووپی پێنج کۆیەک(بەریتانیا، فەڕانسە، ڕووسیا، چین، ئەمریکاو ئاڵمان) لە ژانڤییەی٢٠١٦وە جێ بەجێ کراوە بەڵام حکومەتی ئەمریکا وەک یەک لە ئەندامانی ئەو گرووپە هەردەم لەجێ بەجێ کردنی بڕگەکانی بەرجام، پەیمان شکێنێ دەکات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەردەم بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرجام، بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی بە ڕێککەوتنێکی ترسناک ناوبردووەو خوازیاری هەڵوەشاندنیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەو کردە دوژمنکارانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.