ڕاوێژکاریی مۆگرینی و لاڤرۆف سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی
فدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپاو سێرگئی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دوێشەو(سێ شەممە) لە نیۆیۆرک لە سەروبەندی دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی ئێران وپێنج کۆیەک، لەسەر جێ بەجێ کرانی بەرجام ڕاوێژیان کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی ئێران وگرووپی پێنج کۆیەک لەبارەی بەرجام ئەمڕۆ چوارشەممە لە نیۆیۆرک بەسەرۆکایەتی مۆگرینی بەڕێوە دەچێ.
مۆگرینی رۆژی سێ شەممەش لە نیۆیۆرک لەگەڵ مایک پەنس یاریدەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا دیدار و وتووێژی کرد.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا لەو چاوپێکەوتنەدا، بە جەخت کردن لەسەر ئەوەی کە بەرجام سەرکەوتوو بووە، وتی: ئێران پێبەندبووە بە بەڵێنییەکانی لەهەمبەر بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش ، بۆیە گرینگە کە جێ بەجێ کرانی تۆکمەو کارای بەرجام لەگشت کەرتەکانی و لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، بەردەوام بکرێ.
راوێژکاریی دیپلۆماتیکی مۆگرینی و گشت کاربەدەستانی باڵای ئوروپایی لەوان ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسە لە نیۆیۆرک لەداکۆکی کردن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و پێنج کۆیەک لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا چەند کاژێر لەوەپێش لە وتاردانەکەی لە کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان جارێکی دیکە بەرجامی خستەبەر ڕەخنەوگازندەو بە مایەی شەرمەساری ئەمریکای لەقەڵەم دا.
ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و گرووپی پێنج کۆیەک(بەریتانیا، فەڕانسە، ڕووسیا، چین، ئەمریکاو ئاڵمان) لە ژانڤییەی٢٠١٦وە جێ بەجێ کراوە بەڵام حکومەتی ئەمریکا وەک یەک لە ئەندامانی ئەو گرووپە هەردەم لەجێ بەجێ کردنی بڕگەکانی بەرجام، پەیمان شکێنێ دەکات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەردەم بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرجام، بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی بە ڕێککەوتنێکی ترسناک ناوبردووەو خوازیاری هەڵوەشاندنیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەو کردە دوژمنکارانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.