زەریف: دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، بێ سوودە
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی هەینی لەدیدار لەگەڵ تارۆ کانۆ وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لە نیۆیۆرک پێی داگرت: سیاسەتی واشنگتۆن لەهەمبەر ڕێککەوتنی ناڤۆکی(بەرجام)، ئەو پەیامە بەگوێی جیهان دەگەیێنێ کە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، بێ سوودە.
ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران وگرووپی پێنج کۆیەک(بەریتانیا، فەڕانسە، ڕووسیا، چین، ئەمریکاو ئاڵمان) لە ژانڤییەی٢٠١٦وە جێ بەجێ کراوە، بەڵام حکومەتی ئەمریکا وەک یەک لە ئەندامانی ئەو گرووپە هەردەم لە جێ بەجێ کردنی بەرجام پەیمان شکێنێ دەکا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەردەم بەپێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرجام، بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی بەڕێککەوتنێکی ترسناک ناوبردووەو خوازیاری هەڵوەشانیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەو کردەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.
محەممەد جەوادی زەریف لەدیداری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لە نیۆیۆرک، ئاماژەشی کردە قەیرانی نیمچەدوورگەی کۆریا و وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرچەشنە بەرهەم هێنان، تاقیکاری وپەرەی چەکی ناڤۆکی بەڕەت کراوە دەزانێ.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها تاوانکارییەکانی سوپاو بوداییەکانی میانمار لەدژ موسڵمانانی ستەملێکراوی رۆهینگیایی ئیدانەکردو خوازیاری یارمەتی ژاپۆن وەک وڵاتی گرینگی ناوچە بۆ باشترکرانی ڕەوشی موسڵمانان لە میانمار بوو.
وەزیری دەرەوەی ژاپۆنیش لەو چاوپێکەوتنەدا وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران، وڵاتێکی گرینگ و مێژوویی لەئاستی جیهانە.
تارۆ کانۆ بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە ژاپۆن داکۆکی لە بەرجام دەکات وتی: تۆکیۆ ، گرینگبوونی پرسی بەرجامی بەئاگاداری هەموو وڵاتان گەیاندووە.
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن هەروەها وێڕای نەیارەتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی گشت پرسیی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانی ئێراق، وتی: بۆ ژاپۆن، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی ئێراق گرینگە.
ڕەهەندو لایەنی جیاجیای پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، بەتایبەت هاوکارییە بانکییەکان، وەبەرهێنان، وزە، بواری زانستی و زانکۆیی، پرسەکانی هاوپێوەند بە دەڤەری کەنداوی فارس، قەیرانی یەمەن ودیپلۆماسیی ناوچەیی ژاپۆن لەوبوارەدا، لە تەوەرەکانی دیکەی دانوستانی زەریف و تارۆ کانۆ بوو.