تشرینی یه‌که‌م 28, 2017 13:04 Asia/Tehran
  • درێژەی کاردانەوەکان بە سەربەخۆیی کاتالۆنیای ئیسپانیا

یەکێتیی ئوروپاو چەند وڵاتی ئوروپایی نەیارەتیان کرد لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کاتالۆنیا و داکۆکی خۆیان لە یەکپارچەیی خاکی ئیسپانیا ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، ئەنتۆنیۆ تاجانی سەرۆک پەرلەمانی ئوروپا دوێنێ هەینی لەبەیاننامەیەکدا وێڕای شەرمەزارکردنی دەنگی پەرلەمانی کاتالۆنیا بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەو ناوچەیە، وتی: کردەی پەرلەمانی کاتالۆنیا، پێشێلکردنی سەروەریی یاسا، یاسای بنەڕەتیی ئیسپانیاو شەرت و مەرجەکانی خودموختاریی کاتالۆنیایە.

ئەنجێلینۆ ئالفانۆ وەزیری دەرەوەی ئیتالیاش لەبەیاننامەیەکدا ڕاگەیێندرانی سەربەخۆیی کاتالۆنیای ئیدانە کردو وتی: ئیتالیا ڕاگەیێندرانی یەکلایەنەی سەربەخۆیی لەلایەن پەرلەمانی خۆجێیی کاتالۆنیا بەڕەسمییەت ناناسێ.

سەربەخۆیی  یەکلایەنەی کاتالۆنیا لەکاتێکدا ڕاگەیێندرا کە وڵاتانی جۆربەجۆری وەک ئەمریکا، ئاڵمان، بەریتانیا، فەڕانسەو قبرس هەروەها ڕێکخراوی نەتەوەکان و ناتۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی  یەکێتیی ئوروپا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئوروپا داکۆکییان کردووە لە یەکڕیزیی وڵاتی ئیسپانیا و ئەو سەربەخۆییەیان بەڕەسمییەت نەناسی.

پەرلەمانی خۆجێیی کاتالۆنیا دوێنێ هەینی دەنگی ئەرێنی دا بە سەربەخۆیی تۆکمەی ئەو ناوچەیە لە ئیسپانیا.

هاوکات، ئەنجومەنی سێنای ئیسپانیا بە٢١٥دەنگ وێڕای نەیارەتی لەگەڵ درێژەی خودموختاریی کاتالۆنیا، سەروەریی ڕاستەوخۆ بەسەر ئەو ناوچەی پەسەندکرد.

ناوچەی کاتالۆنیا لەباکووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا یەکەمی ئۆکتۆبر سەرباری نەیارەتی حکومەتی ناوەندیی ئەو وڵاتە، گشت پرسیی سەربەخۆیی بەڕێوە برد بەڵام دادگەی یاسای بنەڕەتیی ئیسپانیا، بەنایاسایی ڕاگەیاند.

سەرپەیڤ