داخوازی ئەڵمان لەمەڕ پێبەند مانەوەی هەموو لایەنەکان بە جێبەجی کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و ١+٥
وەزیری دەرەوەی ئەڵمان خوازیاری پێبەند بوونی هەموو لایەنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش بوو.
بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ "زیگمار گابرییەل" وەزیری دەرەوەی ئەڵمان ڕۆژی پێنجشەممە پێش سەفەر بۆ واشینگتۆن بۆ دیدار لەگەڵ "ڕێکس تیلەرسۆن" هاوتای ئەمریکایی خۆی داوای لە هەموو لایەنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک کرد کە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش ورد و درووست و بە ڕێک و پێکی جێبەجێ بکەن.
زیگمار گابرییەل وتیشی: ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ڕاستیدا ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی دێتە ئەژمار کە گەرەنتییەک دەبێ بۆ چەسپانی ئاشتی و ئاسایش لە جیهاندا.
سەفەری زیگمار گابرییەل بۆ واشینگتۆن لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەورووپایی بەرامبەر بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژ بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک ، هەوڵێکی بەربڵاواین بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە دەست پێ کردووە.