هەڕەشەی دووبارەی ئەمریکا لەدژ کۆریای باکوور
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەمەبەستی ناچارکردنی کۆریای باکوور بە وەلانانی بەرنامە مووشەکیی و ناڤۆکییەکان، جارێکی دیکە ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی پەلاماری سەربازی لەو وڵاتە کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، رێکس تیلرسۆن دوێنێ هەینی لە کۆڕی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەبارەی بەرنامە ناڤۆکی و مووشەکییەکانی کۆریای باکوور، ئەو وڵاتەی بە گەورەترین دوژمنی ئەمریکا زانی و هیوای خواست؛ پرسی بەرنامە ناڤۆکی و مووشەکییەکانی پیونگ یانگ لەڕێی دیپلۆماتیک چارەسەر ببێ و شەڕی لێ نەکەوێتەوە.
تیلرسۆن وتیشی: پێش دەسپێبوونی وتووێژی نێوان واشنگتۆن و پیونگ یانگ، کۆریای باکوور دەبێ هەوڵە ناڤۆکی و سەربازییەکانی ڕابگرێ.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەهەمان کاتدا وتی: ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ناڤۆکی و مووشەکییەکانی کۆریای باکوور ئەوەی لەدەستی هاتبێ، ئەنجامی داوە.
ئەو لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە کۆشکی سپی چەندین جار ڕایگەیاندووە، هەڵوێستی واشنگتۆن لەبارەی پیونگ یانگ جارێ نەگۆڕاوەو ئەمریکا هەروا گوشاری سەربازی وئابووری و بایکۆت لەدژ کۆریای باکوور جێ بەجێ دەکا.
ئەمریکا کە دەوری سەرەکی دەبینێ لە قووڵ کردنەوەی کێشەکان لە نیمچە دوورگەی کۆریا، هەردەم خوازیاری ڕاگرتنی تاقیکارییە ناڤۆکییەکانی کۆریای باکوورە بەڵام بەرپرسانی پیونگ یانگ جەخت لەوە دەکەن تاکاتێک کە ئەمریکا وهاوپەیمانانی ئەو وڵاتە درێژە بدەن بە هەڕەشەکانیان لەدژ کۆریای باکوور، ئەو وڵاتە بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی بەردەوام دەکا.